گالانت: حزبوڵلا تووشی سەرسوڕمان دەکەین
سوپای ئیسرائیل: لە چوار ڕۆژدا هێرشی وشکانیمان کردووەتە سەر زیاتر لە هەزار پێگەی حزبوڵلا
یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی چڕکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر حزبوڵلای لوبنان دەکات و دەڵێ" کارێک دەکەین ئیتر حزبوڵلا وەک ڕێکخراوەیەک نەمێنێت و هێرشەکانمان توند و بەردەوام دەبێت بۆ سەریان".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی 4ی تشرینی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند، بەشێک لەو کردە سەربازییانەی حزبوڵلا تووشی سەرسوڕمان دەکەن بە کردەیەیی جێبەجێ کراون، بەشێکیشیان بەردەوامن، لە هێرشەکانیشدا سیستمی مووشەکی و سەکۆکانی هەڵدانی مووشە، گورزی بەهێزیان بەرکەوتووە و بەشێکی زۆریان تێکشکێندراون.
ڕاشیگەیاندووە، لە درێژەی هێرشەکاندا یەکەی کۆنترۆڵی سیستمی پەیوەندییەکان و ناوەندی فەرماندەیی هێزی ڕەزوانی حزبوڵلا بە تەواوی وێران کراون.
هەروەها سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، ئێستا لە چەند گوندێکی باشووری لوبنان ئۆپراسیۆنەکانی وێرانکردنی سەرجەم ژێرخانی هێز و توانا سەربازییەکانی حزبوڵلا بەردەوامە، بە گوتەی گالانت ژمارەیەکی زۆر لە پێگە و بنکەکانی حزبوڵلا لە ژێر زەویدان، لە نێویاندا وێستگەی وزە، مووشەک و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک هەن و دەبێت هەموو ئەو شوێنانە پاک بکرێنەوە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێ"حزبوڵلا نزیکەی ساڵێکە دەستی بە شەڕ دژی ئیسرائیل کردووە، بەڵام بە تەواوی گەمارۆمانداوە و کۆتایی بە هەموو هەڕەشە و مەترسییەکان دەهێنین و ڕێگەی گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ زێدی خۆیان خۆش دەکەین، ئیتر حزبوڵلا وەک ڕێکخراوەیەک نامێنێت".
هەروەها سوپای ئیسرائیل هەر ئەمڕۆکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووتەوە، لە چوار ڕۆژدا و لە ئۆپراسیۆنێکی مەیدانی لە باشووری لوبنان هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر هەزار پێگەو و مۆڵگەی چەکدارانی حزبوڵلا، کە چەکداران و دامەزراوە سەربازییەکان و جبەخانەکانی حزبوڵلای تێدا بووە.