دادگای ئەورووپا بڕیاریدا مافی پەنابەری بە کچان و ئافرەتانی ئەفغانی بدات
دادگای ئەورووپا بڕیارێک بۆ داڵدەدان و پێدانی مافی پەنابەری بە ئافرەتانی ئەفغانی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەردەکات و ڕایدەگەیەنێت، دەبێت سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی یەکێتیی ئەورووپا پابەندی بڕیارەکە بن.
بە گوێرەی ئەو بڕیارەی دادگاکە ئەمڕۆ هەینی 4ی تشرینی یەکەمی 2024، دەریکردووە، هەموو ئەو ئافرەتانەی لە چنگی تاڵیبان ڕادەکەن و مافەکانیان لێ زەوتکراوە لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە مافی پێدانی پەنابەرێتیان دەبێت.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات، کە بەرپرسانی ئوستریا ڕەتییان کردەوە مافی پەنابەرێتی بە دوو ئەفغانی بدەن و کەیسەکەیان لەلایەن دادگای باڵای ئوسترالیاوە ڕەوانەی دادگای دادی ئەورووپا کرا، دوای لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دادگای ئەورووپا بڕیاری پێدانی مافی پەنابەری بۆ ئافرەتانی ئەفغانی دەرکرد.
لە بڕیارەکەی دادگاکە داهاتووە، ئەو جیاکارییانەی تاڵیبان دژ بە ئافرەتانی ئەفغانی پەیڕەوییان دەکات دەچنە خانەی سزادان و زەوتکردنی مافەکانیان، هەربۆیە بڕیاریانداوە لە سەرتاسەری وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا مافی پەنابەری بە کچان و ئافرەتانی ئەفغانی بدرێت.
هەروا پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە کردووە، کە نابێت ببنە ڕێگر لە داڵدەدان و پێدانی مافی پەنابەری بە کچان و ئافرەتانی ئەفغانی کە لە دەستی تاڵیبان هەڵدێن و بە مەترسی و هەڕەشەی بزانن، چونکە ڕەتکردنەوە و گەڕاندنەوەی هەر ئافرەتێک دەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشە و مەترسیی ببێتەوە لە وڵاتەکەی خۆی.
پێشتر سوید و فینلەندا و دانیمارک مافی پەنابەرێتییان بە سەرجەم ئەو کچ و ئافرەتە ئەفغانییانە داوە کە لە وڵاتەکەیان دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، هەڵاتبوون.
لە 15ی ئابی 2021دا، دوای زنجیرەیەک لە دانووستانەکانی قەتەڕ، بزووتنەوەی تاڵیبان گەڕایەوە و دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست، دواتر هەنگاوەکانی بۆ داخستنی خوێندی کچان لە قوتابخانەکان و چوونە دەرەوەی ئافرەتان لە ماڵ و کارکردنیان لە دامەزراوە فەرمییەکان و بازاڕەکان قەدەغە کرد.