سێنتکۆم: 15 ئامانجی حوسییەکانمان لەناو برد

فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)

K24 – هەولێر:

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر 15 ئامانجی حوسییەکانی یەمەن و توانا سەربازییەکانیان لەناو براون.

هەینی 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر پێنجی دوای نیوەڕۆ هێزەکانی ئەمەریکا 15 ئامانجی حوسییەکانیان لە یەمەن لەناو بردووە، کە ئەم ئامانجانە توانا سەربازییەکانی حوسییەکانی لەخۆ گرتبوو.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوە دا، ئەم هێرشانەی ئەمەریکا بۆ سەر ئامانجی حوسییەکان بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەکانە.

هەر ئەمڕۆ مێدیاکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا 4 هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی سیانە لە باکووری سەنعای پایتەختی یەمەن، هەروەها حەوت هێرشیان کردووەتە فڕۆکەخانەی حودەیدە، ناوچەی کەسیب و باشووری شاری زەمار.

ئەمەش لە کاتێکدایە، جگە لە ئەمەریکا و بەریتانیا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەمیشە هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر ئامانجەکانی سەر بە گرووپی حوسییەکان.

هەفتەی ڕابردوو، مێدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو، کە ئەو هێرشانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر حودەیدەی یەمەن ئەنجامی داوە، کۆگاکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبایان کردوونەتە ئامانج.

دەزگەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی سەربازییەوە ڕایگەیاندووە، دەیان فڕۆکەی ئیسرائیلی بەشدارییان لە هێرشەکەی سەر یەمەن کردووە.

Fly Erbil Advertisment