سوپای ئیسرائیل: زیاتر لە 180 مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون

K24 – هەولێر:

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون.

هەینی 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، زیاتر لە 180 مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، لەنێویاندا 70 مووشەک لە ماوەی دوو کاتژمێری ڕابردوودا هەڵدراون.

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، زۆرینەی مووشکەکان لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەوە خراونەتە خوارەوە و هەندێکیشیان لە ناوچە دوورەکان کەوتوونەتە خوارەوە کە هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.

سوپا ئاماژەی بەوە داوە، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە هاتوونەتە ناو ئیسرائیلەوە.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە دەیان پێگەی حزبوڵڵایان لە لوبنان کردووەتە ئامانج.

باسی لەوەش کردووە، ئەو شوێنانەی کە ئیسرائیل لە بەیرووت بۆردومانیان دەکات بریتین لە ؛کۆگاکانی چەک، ژووری فەرماندەیی، شوێنی هەواڵگری، کەرەستەی چاودێری و ژێرخانی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی لوبنان رایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 37 کەس کوژراون.ئاشکراشی دەکات، لەو ماوەیەدا ئیسرائیل 153 جار چەندین شوێنی لە لوبنان بۆردومان کردووە.

هەروەها رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لە بۆردومانەکەی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە بۆ سەر بارەگای هەواڵگری حزبوڵڵا لە بەیرووت، 73 تۆن بۆمبی بەکار هێنراوە.

سوپای ئیسرائیل لە 23ـی ئەیلوولەوە بۆردوومانەکانی بۆ سەر حزبوڵڵا چڕتر کردووەتەوە، کە زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی حزبوڵڵا لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژران، دیارترینیان حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە بوو.