تەرمی حەسەن نەسروڵلا لە شوێنێکی نهێنی و کاتی بەخاک سپێردراوە

بەرزکردنەوەی وێنەی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا لەلایەن ماتەمگێڕان و لایەنگرانی حزبوڵلای لوبنان
بەرزکردنەوەی وێنەی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا لەلایەن ماتەمگێڕان و لایەنگرانی حزبوڵلای لوبنان

سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵلای لوبنانی ئاشكرایکرد، تەرمی حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا بەشێوەیەکی کاتی و لە شوێنێکی نهێنی بەخاک سپێردراوە.

سەرچاوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی ڕاگەیاندووە، بەهۆی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئیسرائیل، ڕێکخستنی ڕێوڕەسمێکی فراوان و گردووبەوەی جەماوەری بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی حەسەن نەسروڵلا لەم کاتەدا زەحمەت بووە، هەربۆیە بەنهێنی و کاتی تەرمەکەی لە شوێنێک بەخاکسپێردراوە، تا ئەو کاتەی دۆخەکە لەبار دەبێت بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمی فەرمی بەخاکسپاردنەکەی بۆ دەکرێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، بەهۆی ترس لەوەی ئیسرائیل هێرش نەکاتە سەر گردبوونەوەی جەماوەری و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی نەسروڵلا، ناچاربوون لە شوێنێک بە نهێنی ئەسپەردەی بکەن.

ئێوارەی هەینی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی چڕیان کردە سەر ئەو شوێنەی حەسەن نەسروڵلا و سەرکردەکانی حزبوڵلا تیایدا لە کۆبوونەوەدا بوون، بە گوێرەی زانیارییەکان بە بارتەقای 80 تۆن بۆمبیان بەسەر شوێنی کۆبوونەوەکەدا هەڵداوەتە خوارەوە و بەهۆیەوە نەسروڵلا و 20 بەرپرسی دیکەی حزبوڵلا و عەباس نیلفرۆشانی بەرپرسی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشەکەدا کوژران.

Fly Erbil Advertisment