ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: نزیکەی 235 هەزار کەس لوبنانیان بەرەو سوریا جێهێشتووە
K24 – هەولێر:
بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، زۆرینەی دانیشتووانی لوبنان ئاوارەی سووریا بوونە و ڕۆژانەش ڕێژەکە لە بەرزبوونەوەدایە.
هەینی 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 ماتیو لوسیانۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە لوبنان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: نزیکەی 235 هەزار کەس لە لوبنانیا بەرەو سووریا جێهێشتووە، ئەم کۆچی بە کۆمەڵەش لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، لە 23ـی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ ئەو ژمارە خەڵکەی لوبنان هاتوونەتە سووریا، 152 هەزاریان سووری و 82 هەزار کەسیشیان لوبنانی بوونە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە لوبنان، دەڵێت: نزیکەی 50 هەزار کەس لە هەمان ماوەدا لوبنانیان بەجێهێشتووە بە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووت، هەروەها هەزار و 60 کەسی دیکەش لە ڕێگەی کەشتییەوە وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
لە 23ـی ئەیلوولەوە سوپای ئیسرائیل بە چڕی هێرشی بۆ سەر لوبنان دەست پێکردووە. تا ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2024، لانیکەم هەزار و 156 کەس لە لوبنان کوژراون کە منداڵ و ژنیشیان تێدایە و زیاتر لە سێ هازار و 191 کەسیش بریندار بوونە.