ئەمەریکا هێزی دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەگەڵ فراوانبوونی هێرشی ئاسمانی و زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن گفتوگۆ لەسەر زیادکردنی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەکەن، بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕ.
لە دوای ساڵێک لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بووە هۆی ململانێی یەمەن و ئێران و لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیل، پێنتاگۆن کۆمەڵێک چەک، سەرباز، کەشتیی فڕۆکە هەڵگر، کەشتی تێشکنەر، مووشەکی ئاراستە کراو، کەشتی هێرشبەر و هەروەها فڕۆکەی جەنگی، دەنێرێتە ناوچەکە.
پێنتاگۆن ڕایگەیاند، سەربازانی لە ناوچەکەدا زیاد دەکات، بەمەش هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەبێتە دوو هێندە.
سەبارەت بە جێگیرکردنی سەربازەکان، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، چەک و هێزی دەریایی ئەمەریکا هاوکاری و پشتیوانیی لە ئیسرائیل دەکات، لەگەڵ پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکە بڵاوەبووەکانی ناوچەکە.
لای خۆیەوە سابرینا سینگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، وەزارەتەکە تیشک لەسەر پاراستنی هاووڵاتییان و هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و بەرگریکردن لە ئیسرائیل و کەمکردنەوەی پەرەسەندن لە ڕێگەی ڕێگری و دیپلۆماسیەوە دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا ئامانجی گەورەی ڕێگریکردنە لە فراوان بوون و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و سەرهەڵدانی شەڕێکی فراوانی ناوچەیی.
دانا سترۆل، بەرپرسی پێشووی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێنتاگۆن گوتی: دەسەڵاتی زۆر لە ناوچەکەدا هەیە، ئەگەر هەر وڵاتێک دەستوەردان بکات، ئێمە بەرپرچی دەدەینەوە و پشتیوانی و بەرگریی لە ئیسرائیل دەکەین.