دڕاندن و شێواندنی پۆستەری کاندیدەکانی پارتی لە چەمچەماڵ بووەتە دیاردە

لەسەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر کاندیدەکانی پارتی تۆمار کراون و بەردەوام وێنە و پۆستەرەکانیان لێ دەکرێنەوە و دەشيوێنرێن؛ کاندیدێکی پارتی کە تائێستە زیاتر لە چل پۆستەری دڕاوە و لێ کراونەتەوە دەڵێت: دوای لێکردنەوەیان لە شوێنی پۆستەرەکانی من پۆستەری کاندیدانی یەکێتی دانراون.
دڕاندن و لێکردنەوەی پۆستەری کاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە.
گۆران محەممەد، کاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەو شوێنەی پۆستەری منی لێ دانرابوو، بە ماوەی دوو کاتژمێر پۆستەری من لادراوە و پۆستەری کاندیدێکی یەکێتیی دانراوە، بۆ ئەو بابەتە بەڵگەشم هەیە، چونکە خۆم شوێنەکانم دیاری کردبوو، لە هەمان شوێن پۆستەرەکەم لا دراوە و براوە.
گوتیشی: سکاڵام تۆمار کردووە لە کۆمیسیۆن، بەڵام تاکو ئێستە وەڵامی سکاڵاکە نەگەڕاوەتەوە، لەبەر ئەوەی سکاڵاکان زۆرن و تەنیا لێرە نییە، لە زۆر شوێنی دیکەش ئەم حاڵەتە ڕووی داوە.
لەگەڵ ئەوەی زۆرترین پێشێلکارییەکان لە بەرامبەر کاندیدانی پارتی لە سنووری سلێمانی تۆمارکراون، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە دەڵێن: فشارەکان کاریگەریان لەسەر پلانی ئەو حزبە بۆ سەرکەوتن نابێت و دەنگەکانیان لەم هەڵبژاردنە زیاد دەکات.
حەسەن مەجید، کارگێڕی لقی سێی پارتی لەکەرکووک دەڵێت: پێشبینی دەکەین دەنگێکی باش بەدەست بێنین، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە سەرکەوتنێکی گەورە بەڕێگاوەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، لە تەواوی کوردستان و ئەم دەڤەرەش، هەمیشە دووپات لەوە دەکەینەوە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێمە لە جێگرەوەی هیچ لایەنێک دروست نەبووین و هیچ کەسیش ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەی سلێمانی بە 72 کاندید بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە، سێ لە کاندیدەکان لەچەمچەماڵەوە کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان دەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر لەسەرەتاوە ئەوەی ڕاگەیاندووە لەگەڵ ئەوەدان بانگەشەیەکی شارستانی و هێمن بەڕێوە بچێت، بۆ دڕاندن و لێکردنەوەی پۆستەری کاندیدانیشی هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە و لەڕيگەی یاساوە مامەڵەیان لەگەڵ دیاردەکە کردووە.