دروستکردنی پۆند و بەنداو، باشترین چارەی کێشەی کەمئاوین

وێنەی بەنداوی شەوگێر
وێنەی بەنداوی شەوگێر

بەهۆی دروستکردنی ژمارەیەک پۆند و بەنداو لە دەشتی کۆیە، ئەمساڵ ژمارەیەک گوند لە بێئاوی ڕزگاریان بووە و جووتیاران و ئاژەڵداران گرفت و مەترسی کەمئاویان لەکۆڵ بووەتەوە.

ئاژەڵدارێک بە کوردستان24 دەڵێت: ساڵی ڕابردوو بەتانکەر ئاومان لە کۆیەوە بۆ دەهات، ئێستە هەموو ڕۆژێک دەتوانین بە 10 خولەک نزیکەی  100 تانکەر ئاو ببەینەوە، دەشڵێت؛ ئەو بەنداوە نەبوایە ناچاردەبووین ئاژەڵەکانییان بفرۆشن.

بەنداوی شەوگێڕ لە دەشتی کۆیە کە ئەمساڵ تەواو بووە و پڕ بووە، ئاوەدانیی بۆ گوندەکانی دەوروبەری گەڕاندووەتەوە. 

لای خۆیەوە سەعید عەبدولوەهاب، ئاژەڵدار دەڵێت: ئەم بەنداوە نەبوایە دەبوایە ئەمساڵ گوندەکەمان چۆڵ بکەین.

ئەسکەندەر نادر، گوندنشین و خاوەن تراکتۆرێک گوتی: دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری بەنداوەکە، بۆ هەموو پێداویستیەک جگە لە خواردنەوە، بەکاردێنن. ساڵانی ڕابردوو پێویست بوو زیاتر لە کاتژمێرێک بە تراکتۆر ببڕین تا لە کۆیەوە ئاو بێنین.

بەنداوی شەوگێر، ئەمساڵ بەگوژمەی پێنج ملیار و 630 ملیۆن دینار کۆتایی بەکارەکانی هات، یەک ملیۆن و 300 هەزار مەترسێجا ئاو دەگرێت و قوڵی بەنداوەکە 23 مەترە .

پێشرەو فەتاح، ئاژەڵدار دەڵێت: سوودی ئەم بەنداوە زۆرە بۆمان ئاو دەبەین بۆ ماڵەوە بۆ ئاژەڵەکانمان و بۆ باخچەکانمان بۆهەموو پێداویستییەکان سوودمان لێی بینیوە، ئاومان نەبوو بیرەکانیش هەمووی لە بێ ئاویدا وشکیان کردبوو، ساڵی ڕابردوو بە تانکەر ئاومان بۆ دەهات، بەڵام لەوەتەی ئەم بەنداوە دروستکراوە خەڵکی حەساوەتەوە.

جگە لە بەنداوی شەوگێر، ئەم ساڵ چ حکوومەت چ جووتیاران خۆیان چەندان پۆندی گەورە و مامناوەند و بچووکیان لەدەشتی کۆیە دروستکردووە تا جووتیاران بتوانن وەرزی باران ئاو گل بدەنەوە و هاوینان بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بەکاری بێنن، ئەو پۆند و بەنداوانەی حکوومەت لە چوار ساڵی ڕابردوو دروستیانی کردووە، توانای گلدانەوەی 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە.