بلینکن: بە بەهای 157 ملیۆن دۆلار هاوکاریی لوبنان دەکەین

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، نزیکەی 157 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی مرۆیی بۆ پاڵپشتیی  لوبنانییەکان ڕاگەیاند.

بلینکن لە بەیاننامەیەکدا گوتی: بەهۆی خراپبوون و دروستبوونی قەیران لە لوبنان، ئەمەریکا نزیکەی 157 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری ڕاگەیاند و ئێمەش پابەندین بە پشتگیریی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی ئاوارە و پەنابەران و ئەو وڵاتانەی کە میواندارییان دەکەن.

ڕاشیگەیاند، ئەم یارمەتییە مرۆییەی ئەمەریکا بۆ لوبنان، دوای ئەوە دێت کە واشنتۆن پاکێجێکی هاوکاریی سەربازی بەهای 8.7 ملیار دۆلار بە ئیسرائیل ڕاگەیاند، بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، لەنێویشیاندا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند "پاکێجەکە، بڕی 3.5 ملیار دۆلارە بۆ کڕینی کەلوپەلی سەرەتایی جەنگ، هەروەها 5.2 ملیار دۆلاری بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی تەرخان کراوە، لەنێویاندا Iron Dome، David’s Sling و سیستەمێکی پێشکەوتووی لەیزەر".

هەروەها بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا سەدان هەزار کەس لە لوبنان ئاوارە بوون، بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی حزبوڵلا، لەنێویاندا زیاتر لە 100 هەزار کەس کە زۆربەیان لوبنانی و سووریین، لە سنووری لوبنان هەڵاتوون بۆ ناو سوریا.

لای خۆشییەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەی ئاوارەکان بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تا ئێستە گەیشتووەتە 346 هەزار و 209 کەس، ئاماژەی بەوەش دا، لوبنان ڕووبەڕووی قەیرانی تەندروستی بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمەریکی دووپاتی دەکەنەوە پشتگیریی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل دەکەن، لە هەمان کاتدا، ئاماژەیان بەوەش کرد کە نیگەرانن بەو کارەساتە مرۆییە.

وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش دووپاتی کردەوە، ژمارەی قوربانیانی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان تا ئێستە گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 974 کوژراو و 9 هەزار و 384 بریندار.