وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە دیمەشق

ئەمڕۆ شەممە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە دیمەشق.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش دا "عەباس عێراقچی، لەم سەردانەدا لەگەڵ بەرپرسانی سووریا گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکات".

دوێنێ هەینی عێراقچی گەیشتە بەیرووت، ئەوەش یەکەم سەردانی بەرپرسێکی ئێرانە لە دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و چڕکردنەوەی هەڵکوتانە سەر چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە.

عێراقچی، لە بەیرووت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لوبنان بوو و ئێستەش پاڵپشتیی ئەو وڵاتە و پشتیوانیش لە حزبوڵلای لوبنان دەکات".

هەروەها گوتیشی: تاران پشتیوانیی لە هەوڵەکانی ئاگربەست لە لوبنان دەکات، بەو مەرجەی کە لەلایەن گروپی حزبوڵلاوە پاڵپشتی بکرێت و هاوکات بێت لەگەڵ ئاگربەست لە غەززە.