کاروان سەباح: لە کابینەی نۆیەمدا 6 بەنداو 45 پۆند دروست کراون
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوو ساڵی کۆتایی کابینەی نۆیەمدا، شەش بەنداو و 45 پۆند دروست کراون.
شەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2024، کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دەستپێکی کابینەی نۆ، یەکێک لەو کێشانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبووەوە، ئاسایشی ئاو بوو.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "سەرۆک وەزیران، دیدگەیەکی ڕوونی بۆ ئاسایشی ئاو هەبوو، لە ژێر فەرمانی ئەوان چەندان تیم کاریان کرد بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لافاو، وشکە ساڵی و پاراستنی ئاسایشی ئاو ببنەوە، لە لایەکی دیکەوە چۆن ئاو کۆبکرێتەوە؟".
دەشڵێت: "لە ڕابردوودا پرسی کۆکردنەوەی ئاو هەبووە، بەڵام پرسە گەورەکە ئەوەیە کرایە بابەتێک بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت هەبێت، هەروەها ستراتیجی ئێمە تەنیا کۆکردنەوەی ئاو نییە، ستراتیجی ئێمە کۆکردنەوەی ئاوە بۆ بەکارهێنان، واتە ئێمە دۆلارێکمان خەرج نەکردووە گەر زانیبێتمان سێ دۆلاری بۆ خزمەتی کوردستان نییە".
باسی لەوەش کرد: "لە دروستبوونی عێراقەوە تاکوو ئێستە 20 بەنداومان هەبووە، بەڵام لە دووساڵی کۆتایی کابینەی نۆ شەش بەنداو تەواو کراون، هەروەها لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا هیچ پۆندێک بۆ کوردستان دروست نەکراوە، بەڵام لە کابینەکانی ڕابردوو نزیکەی 115 پۆند دروست کرا، لەم دووساڵەی کابینەی نۆ، 45 پۆند دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و نزیکە 9 پۆندیش تەواو بوونە".
کاروان سەباح هەورامی ڕاشیگەیاند: "سوودی ئەم بەنداو پۆندانە کۆکردنەوەی باراناوە بە پلەی یەکەم و کۆکردنەوەی ئاوی سەرزەوییە، ئامانجیشمان ئەوەیە بەکاربهێنرێت، بۆ ئاودێریی و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، لە هەندێک شوێنیش دەتوانرێت سوودی لێ ببینرێت بۆ خواردنەوە بۆ پاراوکردنی ئاوی ژێر زەوی و کۆنترۆڵکردنی لافاو".
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کرد: "ئاو لەسەردەمێک کۆدەکرێتەوە کە بارانێکی زۆر دەبارێت و ناهێڵیت ببێتە لافاو، لە هەمووشی گرنگتر، سوودی گەشتیاری و ژینگەیی هەیە، چونکە ئیکۆسیستەمی ئەو ناوچانە دەبوژێنێتەوە گیاندارانیش سوودی لێ دەبینن، سەرتاپای کوردستان لەم پرۆژانە".
ئاماژەی بەوەش دا: "پۆند و بەنداوەکان لەسەر بنەمای زانستی ورد بنیات دەنرێن، هەم خوێندنەوەی ئابووری و هەمیش خوێندنەوەی سروشتیی بۆ دەکرێت".