غه‌ززه؛ 814 مزگه‌وت و 3 كڵێسا وێران بوونه و 41825 كه‌سیش كوژراون

وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه به‌وه ده‌كات، له‌وه‌ته‌ی ساڵی ڕابردووه‌وه له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه، زیاتر له 800 مزگه‌وت وێران بووه.
شه‌ممه، 5ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی فه‌ڵه‌ستین ڕایگه‌یاند: له‌وه‌ته‌ی 7ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو (2023)ـه‌وه له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه، 814 مزگه‌وت له كۆی 1245 مزگه‌وتی كه‌رتی غه‌ززه وێران بووه، ئه‌مه‌ش ده‌كاته ڕێژه‌ی 79%.
زیانه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی فه‌ڵه‌ستین به زیاتر له 350 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت
وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی فه‌ڵه‌ستین ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، 148 مزگه‌وتی دیكه له كه‌رته‌كه زیانیان به‌ركه‌وتووه، جگه له مزگه‌وته‌كان چه‌ندان شوێنی دیكه‌ی ئایینی له كه‌رته‌كه وێران بوونه و زیانی گه‌وره‌ی ژیاریی و مێژوویی و ماددییان به‌ركه‌وتووه، كه به زیاتر له 350 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.
وه‌زاره‌ته‌كه هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، هه‌ر له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل‌دا سێ كڵێسا و 19 گۆڕستان له كۆی 60 گۆڕان وێران بوونه، كه هه‌شت له‌و گۆڕستانانه به ته‌واوه‌تی خاپوور بوونه و 11 گۆڕستانی دیكه‌یش زیانیان به‌ركه‌وتووه. هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه و هه‌ڵته‌كاندنی گۆڕ و كه‌سایه‌تییه‌كان و دزینی ته‌رمه‌كانیان و سووكایه‌تیپێكردنیان به شێوه‌یه‌كی دڕندانه و نامرۆییانه.
ڕادیۆی قورئانی پیرۆز و ئەوقافی قوتابخانەی ئیسلامیی کوڕان و کۆلێژی دەعوەی ئیسلامی به ته‌واوه‌تی له‌ناوچوونه
ئه‌و وه‌زاره‌ته تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، له كۆی 14 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی غه‌ززه، 9 باره‌گه به ته‌واوه‌تی وێران بوونه و دووی دیكه‌یش زیانیان به‌ركه‌وتووه. هه‌روه‌ها هه‌ر یه‌ك له بارەگه‌ی ڕادیۆی قورئانی پیرۆز، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی خان یونس، سەنتەری دێرین و دەستنووس، ئەوقافی قوتابخانەی ئیسلامیی کوڕان، و کۆلێژی دەعوەی ئیسلامی "لقی باکوور"، به ته‌واوه‌تی له‌ناوچوونه.
وه‌زاره‌ته‌كه باسی له‌وه‌ش كردووه، له ئه‌نجامی هێرشه‌كاندا تا ئێسته 9 ئۆتۆمبیلی سه‌ر به وه‌زاره‌ت به ئامانج گیراون و شه‌شیان به ته‌واوه‌تی سووتاون.
238 مامۆستا، زانای ئایینی و فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كوژراون
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه، 238 مامۆستا، زانای ئایینی و فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كوژراون و 19ـی دیكه‌یشیان له لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه ده‌ستگیر كراون.
له لایه‌كی دیكه‌وه، شه‌ممه، 5ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، هه‌زاران كه‌س و كه‌سایه‌تیی سیاسی له له‌نده‌نی پایه‌ته‌ختی به‌ریتانیا له ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستین و سوپای ئیسرائیل، خۆپیشاندانیان كرد و پشتیوانی خۆیان بۆ كه‌رتی غه‌ززه ده‌ربڕی.
سه‌رۆكی پێشووی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئوسكوتله‌ندا به‌شداری خۆپیشاندانی دژی شه‌ڕی غه‌ززه ده‌كه‌ن
له‌نێو خۆپیشانده‌راندا جیریمی كۆربن، سه‌رۆكی پێشووی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا و حه‌مزه یووسف، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئوسكوتله‌ندا بینران و خۆپیشانده‌ران دروشمی "شه‌ڕ به‌سه، فه‌ڵه‌ستین ئازاده، بۆردومانكردنی نه‌خۆشخانه‌كان با به‌س بێت"ـیان ده‌گوته‌وه.
هاوكات بڕیار وایه یه‌كشه‌ممه، 6ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، خۆپیشاندانێكی هاوشێوه له ساڵیادی هێرشه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی به ناوی "تۆفانی ئه‌قسا" بۆ سه‌ر ئیسرائیل، به‌ڕێوه بچێت. خۆپیشاندانه‌كه له دژی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماسه، كه بووه هۆی كوژرانی 1205 كه‌س له ناو ئیسرائیل.
شه‌ممه، 5ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی كه‌رتی غه‌ززه ڕایگه‌یاند، ژماره‌ی كوژراوانی كه‌رته‌كه له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و سوپای ئیسرائیل، گه‌یشتووه‌ته 41825 كه‌س، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته 96910 كه‌س.
ئه‌و ژماره ڕۆژنامه‌نووسه‌ی له كه‌رتی غه‌ززه كوژراون، هاوشێوه‌ی نه‌بووه
دووشه‌ممه، 7ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، 31ـه‌مین خەڵاتی بایۆ بۆ پەیامنێرانی جەنگ به‌ڕێوه ده‌چێت، كه تێیدا خه‌ڵاته‌كه ده‌بێته پشكی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی به‌شدارییان له گواستنه‌وه و ڕووماڵكردنی هه‌ردوو شه‌ڕی غه‌ززه و ئۆكرانیا كردووه.
له‌م باره‌وه ڕێكخراوی ئۆریلی ڤیل ڕایگەیاندووە، تا ئێسته ئه‌و ژماره ڕۆژنامه‌نووسه‌ی له كه‌رتی غه‌ززه كوژراون، هاوشێوه‌ی نه‌بووه. به گوێره‌ی به‌رنامه‌ی ڕیكخراوی ئۆریلی ڤیل، 52 ڕاپۆرت له كۆی 400 ڕاپۆرت كێبه‌ركێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاته‌كه ده‌كه‌ن.