مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سلێمانی گردبوونەوە
K24 – سلێمانی
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ جارێكی دیكە مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە سلێمانی گردبوونەوە.
مامۆستا كاوە یەكێكە لە بەشداربووانی گردبوونەوەكە بە كوردستان24 گوت: "بۆ گەیاندنی كۆمەڵێك داواكاری لێرە كۆبووینەتەوە، سەرەكیترینیان پێدانی شایستە داراییەكان، گەڕاندنەوەی سەرجەم مووچەكان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران، ھەروەھا گێڕانەوەی شكۆی زانستی بۆ زانكۆ كە ئەمە یەكێكە لە خاڵە گرنگەكان چونكە بەھۆی شكاندنی شكۆی زانكۆ ئێستا تووشی ئەو دۆخە بووین".
گوتیشی: "ئێمە كە دەستەی داكۆكیكردن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، دەمانەوێت ھەوڵبدەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بە دەم داواكاریمانەوە بێن، تا ئێستا زانكۆی سلێمانی بە فەرمی دەستپێكردنی دەوامی رانەگەیاندووە، ئەگەر تا ئەو كات داواكانمان جێبەجێ نەكرێن یاداشتێك دەدەین بە وەزارەتی خوێندنی باڵا، رەنگە ئەو كات ھەڵوێستی دیكەمان ھەبێت".