400 سه‌ربازی ئوسترالی به‌ره‌و عێراق كه‌وتنه‌ڕێ
6 مانگ له سه‌ربازگه‌ی تاجی ده‌مێننه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
به‌رپرسانی سه‌ربازی ئوسترالیا رایانگه‌یاند" ئوسترالیا ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له عێراق زیاد ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته "400" سه‌ربازی ئه‌و وڵاته به‌ره‌و عێراق كه‌وتوونه‌ته‌ڕێ و ئه‌ركیان راهێنانه به هێزه عێراقییه‌كان.
"ریچارد فاگ"فه‌رمانده‌ی گروپی چواره‌می هێزه تایبه‌ته‌كانی ئوسترالیا كه له سه‌ربازگه‌ی "تاجی" دامه‌زراون،له‌و باره‌یه‌وه گوتوویه‌تی"300 سه‌ربازی تایبه‌تی ئوسترالی و "100" سه‌ربازی سه‌ر به هێزی"كوی" نیوزله‌ندی خاكی ئوسترالیایان جێهێشتووه و به‌ره‌و عێراق كهوتوونهتهرێ و ئه‌ركیان راهێنانه به هێزه عێراقییه‌كان و ماوه‌ی "6" مانگ له عێراق ده‌مێننه‌وه و ده‌چنه بنكه‌ی سه‌ربازی "تاجی" له باكووری شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق.
لای خۆیه‌وه فه‌رمانده‌ی لیوای یه‌ك"بریگادێر بین جیمس" رایگه‌یاند"ئه‌و سه‌ربازانه چواره‌م گروپی سه‌ربازی "ئوسترالی_نیوزله‌ندی" یه كه له عێراق بڵاوده‌بنه‌وه و هاوكاری هێزه عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن.
پێشتریش ئوسترالیا له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به چه‌ند جارێك"800" سه‌ربازی دیكه‌ی ناردبووه عێراق و له شه‌ڕی دژ به داعش هاوكاری هێزه عێراقییه‌كانیان كردووه.