بارزانى: حەواندنەوەی ئاوارەکان نەهج و بەهای بەرزی خەڵکی کوردستانە

رايگه‌ياند، حەواندنەوەی ئاوارەکان پێویستی بە سوپاس و پێزانین نییە

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ميانى پێشوازيكردنى له‌ شاندێكى باڵاى كوتله‌ى موته‌حيدون، رايگه‌ياند، حەواندنەوەی ئاوارەکان پێویستی بە سوپاس و پێزانین نییە چونکە ئەوە نەهج و بەهای بەرزی خەڵکی کوردستانە.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، رۆژی دووشەممە 14ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى 2016، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و شاندێكی باڵای كوتلەی ئه‌لموته‌حيدون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.

به‌ گوێره‌ى هه‌واڵى ماڵپه‌ڕه‌كه‌، لە كۆبوونەوەكەدا دوا سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و ناوچەكانی تر تاوتوێ كرا و هەماهەنگی و پلانی هاوبەشی سەربازیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە بەرز نرخێندرا و شاندی میوان پیرۆزباییان لە سەرۆک بارزانی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنانەی لە شەڕی دژی تیرۆریستان وەدەست هاتوون و رایانگەیاند، ئەگەر سەرکردایەتیی حەکیمانە و سەرکەوتووانەی سەرۆک بارزانی نەبوایە داعش بەو هەموو هێز و توانایەوە دوچاری ئەو شکستە گەورانە نەدەبۆوە و ناوچەکە چارەنووسێکی مەترسیداری دەبوو و بۆ قۆناغی دوای داعشیش کە زۆر هەستیارە چاومان لە ڕۆڵی گرنگ و سەرکردایەتیی بەڕێزیانە.

هەورەها سوپاسی حکوومەت و گەلی کوردستانیان کرد بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و لیقەوماوان و رایانگەیاند، هەرگیز ئەو هەڵوێستە لەیاد ناکەن.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی رایگەیاند، حەواندنەوەی ئاوارەکان پێویستی بە سوپاس و پێزانین نییە چونکە ئەوە نەهج و بەهای بەرزی خەڵکی کوردستانە. سەبارەت بە قۆناغی دوای ئازادکردنی موسڵ و شکاندنی تیرۆریستان، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ چەندجارێک داوام کرد کە لەگەڵ پرۆسەی سەربازی پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەبێت تا داهاتووی پێکهاتەکان پارێزراو بێت و هەموو ئەگەر و تەحەدیاتەکان لەبەرچاو بگیرێن، ئێستاش کە لیژنەی هەماهەنگی هەیە ئومێدمان وایە بەجیدی کار بۆ قۆناغی دوای داعش بکرێت و هەماهەنگییەک هەبێت کە ڕێگە لەدووبارەبوونەوەی کارەساتەکان بگیرێت.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس لە مێکانیزمەکانی هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی دوای ئازادکردنی موسڵ دێنە پێش، بەجۆرێک کە سەقامگیری و ئارامی بۆ هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە مسۆگەر بکرێت و ژیان و ماڵیان پارێزراو بێت و متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە.