گرووپێكی چه‌كدار به پاره دوو پێشمه‌رگه ئازاد ده‌كه‌ن
پێش 12 رۆژ له به‌غدا رفاندبوونیان

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی حكومی له قه‌زای كفری ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه رایگه‌یاند: ئه‌و گرووپه چه‌كداره‌ی كه پێش "12" رۆژ دوو پێشمه‌رگه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان له شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق رفاندبوو،ئازادیان كردوون.
باوكی ئه‌و پێشمه‌رگانه له باره‌ی چۆنییه‌تی رزگاربوونی كوڕه رفێنراوه‌كانی گوتوویه‌تی" پاش ئه‌وه‌ی بڕی"60" هه‌زار دۆلاریان له لایه‌ن ئه‌و گروپه چه‌كداره‌وه لێوه‌رگیراوه،ئه‌وكات له به‌غدا كوڕه‌كانی ئازاد كراون.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له باره‌ی ئه‌و رووداوه‌وه گوتوویه‌تی" ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی كفرین كه 145 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باكووری رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا و ئێواره‌ی دوێنێ توانراوه له ده‌ست رفێنه‌ره‌كانیان ده‌رباز بكرێن پاش ئه‌وه‌ی بڕێكی زۆر پاره له به‌رامبه‌ر ئازادكردنیان به‌و گرووپه دراوه و ماوه‌ی 12 رۆژ لای ئه‌و چه‌كدارانه ده‌ستبه‌سه‌ر بوون.
بورهان عه‌زیز باوكی ئه‌و دوو پێشمه‌رگه رفێنراوهیه و رایگه‌یاندووه" مه‌رجی ئازادكردنی كوڕه‌كانی له لایه‌ن ئه‌و گرووپه چه‌كداره‌وه"60" هه‌زار دۆلار بووه،بۆیه له‌و كاته‌ی پاره‌كه گه‌یشتووه‌ته ده‌ست چه‌كداره‌كان،كوڕه‌كانیان ئازاد كردووه.
ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه برای یه‌كتربوون و له‌و كاته‌ی له كفرییه‌وه چوون بۆ شاری به‌غدا له لایه‌ن ئه‌و گرووپه چه‌كداره‌وه پێش 12 رۆژ رفێنرابوون.