دوايين زانيارى له باره‌ى راگه‌ياندنى ناوى كانديدانى خوێندنى باڵا
سبه‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى ناوى كانديدانى وه‌رگيراوى خوێندنى باڵاى بۆ ماسته‌ر و دكتۆرا رابگه‌يه‌نێت.
K24 – هه‌ولێر:
بڕياره له نزيكترين واده‌دا وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى وردبينى بۆ ناوى كانديدانى وه‌رگيراوى خوێندنى باڵاى بۆ ماسته‌ر و دكتۆرا ته‌واو بكات و ليستى ناوه‌كان بۆ سه‌رۆكايه‌تى زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان بنێرێت و ناوه‌كان رابگهيهندرێن.
پرۆسه‌ى تاقيكردنه‌وه‌ى خوێندنى باڵا بۆ ماسته‌ر و دكتۆرا له سه‌ره‌تاى مانگى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى 2016 ئه‌نجامدرا و بڕيار بوو، رۆژى 24ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌رى 2016، ئه‌نجامه‌كان رابگه‌يه‌نرێت، به‌ڵام به بێ هيچ روونكردنه‌وه‌يه‌ك راگه‌ياندنى ئه‌نجامه‌كان دواخرا.
به گوێره‌ى بڕياره‌كانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا رۆژى 5ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسه‌مبه‌رى 2016 دوايين زانيارى و ليستى تايبه‌ت به وه‌رگيراوان له خوێندنى ماسته‌ر و دكتۆرا بڵاودهكرايهوه، به‌ڵام به هۆى دواكه‌وتنى ئه‌نجامى تاقيكردنه‌وه هێشتا ئه‌و پرۆسه‌يه ئه‌نجام نه‌دراوه.
له كاتێكدا دوێنێ هه‌ندێك سايت بڵاويان كردبوويه‌وه، كه ئه‌مڕۆ ناوى وه‌رگيراوان ئاشكرا ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆش وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هيچ ناوێكى بڵاو نه‌كرده‌وه.
به گوێره‌ى به‌دواداچوونى كوردستان 24، ناوه‌كان له قۆناغى كۆتايى وردبينيدان وله نزيكترين واده‌دا بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
له لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24 دكتۆر ئيبراهيم حه‌مه ره‌ش، ياريده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارهى زانستى رايگه‌ياند، پرۆسه‌ى وردبينى بۆ ناوه‌كان ئه‌نجامدراوه و له قۆناغى كۆتاييدايه.
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه سه‌رۆكى زانكۆى سه‌لاحه‌دين، ئه‌حمه‌د دزهيى بۆ كوردستان 24 ئاشكرايكرد، كه له لايه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاوه ئاگادار كراوونه‌ته‌وه كه دواى ته‌واوبوونى وردبينى ناوه‌كانيان بۆ ره‌وانه ده‌كرێت و وردبينى ناوه‌كان له قۆناغى كۆتاييدايه.