سەركردەیەكی یەكێتی ھۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەكات

پارتی: بۆ كۆبوونەوە چاوەڕێی وەڵامی یەكێتی و گۆڕانین

K24 – ھەولێر

بڕیاربوو ھەفتەی رابردوو شاندی پارتی دیموكراتی كورستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چارەسەر بۆ كێشە ناوخۆییەكان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆبوونەوەنەكراوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێ، ئەوان چاوەڕێی یەكێتین، لەبەرامبەردا ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت، دواكەوتنی كۆبوونەوەكە بەھۆی دوو بۆنەی كۆمەڵایەتی و رێكخراوەیی بووە.

عزەدین بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند: "ئێمە وەك پارتی ئامادەین بۆ ئەوەی سەردانی سلێمانی بكەین و گفتوگۆ لەگەڵ شاندی یەكێتی و گۆڕان بكەین، بەڵام چاوەڕێی برادەرانین تا لەنێوخۆیاندا رێك دەكەن".

فازڵ میرانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لە كاتی سەردانیكردنی بەرەی توركمانی گوتی: "بۆ كۆبوونەوە چاوەڕێی وەڵامی یەكێتی و گۆڕانین".

سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "دواكەوتنی كۆبوونەوەكە ھیچ مەسەلەیەكی سلبی لە دواوە نییە، ھۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەكە دوو بۆنەی كۆمەڵایەتی و رێكخراوەی بوو، ئەویش پرسەی خوشكی گەورەی كاك مەسعوود بارزانی و كۆنفرانسی پارتە سۆسیالستەكان لە سلێمانی كە ئێمە و پارتی ھەردووكمان ئامادەنەبووین بۆ كۆبوونەوە".

سەرچاوەیەك ئاگادار لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە نەیویست ناوی بنووسرێت بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد: "زیاتر لە ھەفتەیەكە باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد كە خۆیان بە باڵی زۆرینە ناساندووە، لە ھەوڵدان لەگەڵ باڵی ناوەندی بڕیار كە ھەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی كۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ساڵح بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكەن لەگەڵ شاندی پارتی، بەڵام بەرھەم ساڵح داواكەی رەتكردوەتەوە و كۆسرەت رەسوڵیش لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵاتە"، بەڵام سەعدی پیرە دەڵێ: "وەك یەكێتی كێشەمان نییە و بە یەك شاند لەگەڵ پارتی كۆدەبینەوە".

ھەر لەبارەی دواكەوتنی گفتوگۆكانیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەحمەد كانی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی سلێمانی دەكەین و بۆ چارەسەر گفتوگۆ لەگەڵ شاندی یەكێتی و گۆڕان دەكەین".

ئەو سەركردەی پارتی جەختیكردەوە: "ھیچ كێشەیەكی سیاسی لە ئارادا نییە بۆ دواكەوتنی سەردانی شاندی پارتی بۆ سلێمانی، تەنھا چاوەڕێین برادەران لە نێوان خۆیان رێكبكەون".

Fly Erbil Advertisment