فوئاد مه‌عسوم بڕیارێكی تایبه‌ت به سنووره ئیداره‌ییه‌كانی نه‌ینه‌وا واژوو ده‌كات
دواتر رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه

K24 – هه‌ولێر
فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌باره‌ی ھۆكاری ئیمزاكردنی بڕیارێكی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به سنووره ئیدارییه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه.
رونكردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی عیراق پاش ئه‌وه دێت له ماڵپه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌واڵی دژ به یه‌ك له‌باره‌ی ئیمزاكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان له لایه‌ن سه‌رۆك كۆمار بڵاو كرایه‌وه كه رۆژی چواری ئه‌م مانگه ئیمزای كردبوو.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه "سه‌رۆك كۆمار دیاریكردنی سنووری ئیداری پارێزگای نه‌ینه‌وا ئیمزا نه‌كردووه، به‌ڵكو كۆ بڕیارێكی په‌رله‌مانی ئیمزا كردووه كه هه‌ڵویست و داواكارییه‌كانی ئه‌م پرسه پاش رزگاركردنی ته‌واو پارێزگاكه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كانی تاوتوێ ده‌كرێن".
داواشی كرد "له‌كاتی ئێستادا هه‌موو هه‌وڵه‌كان یه‌ك بخرێن بۆ رزگاركردنی پارێزگای نه‌ینه‌وا له تیرۆریستانی داعش".
سه‌رۆك كۆمار رۆژی چواری كانونی یه‌كه‌م بڕیارێكی په‌رله‌مانی عێراقی ئیمزا كرد كه به‌هۆیه‌وه هه‌ر جۆره گۆڕانكارییه‌ك له سنووری ئیداری پارێزگای نه‌ینه‌وا ره‌ت ده‌كاته‌وه و به ناده‌ستوری ده‌زانیت و پێداگری له‌سه‌ر سنووره ئیدارییه‌كانی ئه‌م پارێزگایه بۆ به‌ر له 19-3-2003 ده‌كات و دیاریكردنی چاره‌نووسی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ دانیشتوانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان رزگاركران و ئاواره‌كان بۆ شوێنی خۆیان گه‌ڕانه‌وه.
داعش له ساڵی 2014 ده‌ستی به‌سه‌ر نزیكه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا گرت و پاش نزیكه‌ی دوو ساڵ له رزگاركردنیان، به‌تایبه‌تی ناوچه كوردییه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه روون نییه و زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتوانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئیداره‌ی ناوچه‌كانیان بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه ئاسایش ناوچه‌كانیان له لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دابین كراوه.
له لایه‌كی تره‌وه له‌ناو پێكهاته جیاوازه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا داواكاری به هه‌رێمكردنی ناوچه‌كانیان یان به دابه‌شكردنی بۆ چه‌ندین پارێزگا له ئارادایه.
ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به فه‌رمانی عه‌بادی و به‌شداری نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س له هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی و پشتگیری هاوپه‌یمانان به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ده‌ستیپێكرد و تا ئێستا زیاتر له نێوه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ری چه‌پی موسڵیان كۆنترۆڵ كردووه.
