له‌ماوه‌ی سالێكدا زیاتر‌ له‌ 70 رۆژنامه‌نووس كوژراون

حه‌وتیان له‌ عێراق بووه‌

K24 – هه‌ولێر

رێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور رایگەیاند 74 رۆژنامەنووس لە ماوەی ساڵی 2016 لە سەرتاسەری جیھان كوژراون.

رێكخراوی په‌یامنێران بێ سنوور، رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ پاراستنی مافی رۆژنامه‌نوووسان، ئه‌مرۆ دووشه‌ممه له‌ راپۆرتێكدا‌ ئاماری قوربانییانی رۆژنامه‌نووسی له‌ جیهاندا بڵاو كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "74 رۆژنامه‌نوسی پرۆفیشناڵ و نا پرۆفیشناڵ له‌ماوه‌ی كاركردنیان له‌ ساڵی 2016 كوژراون، هه‌ندێكیان هه‌واڵی كوشتنیشیان بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسانی قوربانی به‌ ئه‌نقه‌ست كراونه‌ته‌وه‌ ئامانجی توندوتیژی خوێناوی".

ئاماری قوربانیانی رۆژنامه‌نووسان له‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2015 كه‌می كردووه‌ كه‌ ساڵی رابردوو 101 رۆژنامه‌نووس كوژران.

وڵاتانی سوریا، عێراق، لیبیا، یه‌مه‌ن، ئه‌فغانستان و بوروندی به‌ مه‌ترسیدارترین وڵات ده‌زانێت بۆ رۆژنامه‌نووسان، بە تایبەتی مەكسیك ئەمساڵ بۆ رۆژنامەنووسان مەترسیدارترین وڵات بووە.

له‌ ناو قوربانیانی رۆژنامه‌نووسانی ئه‌مساڵ، 57 رۆژنامه‌نووسی پرۆفیشناڵ و 9 رۆژنانه‌نووسی دیكه‌ و 8 كه‌س له‌ هاوكارانی راگه‌یاندن كوژراون، 53 رۆژنامه‌نووس به‌ ئه‌نقه‌ست و به‌هۆی پیشه‌كه‌یانه‌وه‌ كوژراون.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ سنوور، زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان له‌ 5 وڵات كوژراون، له‌ سوریا 19 رۆژنامه‌نووس كوژراون، له‌ ئه‌فغانستان 10 رۆژنامه‌نووس، له‌ مه‌كسیك 9 رۆژنامه‌نووس و له‌ عێراق 7 رۆژنامه‌نووس و له‌ یه‌مه‌نیش 5 رۆژنامه‌نووس له‌ ساڵی 2016 كوژراون.

ده‌شڵێت به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵی 2015، دوو له‌ سه‌ر رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2016 لە ناوچەكانی شەڕ كوژراون. بۆ ئەوەش ئاماژە بە ھێرشەكانی 2015 شارلی ئێبدۆ لە پاریس دەكات.

راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ سنوور ئاماژه‌شی به‌وه‌دا 780 رۆژنامه‌نووسی پرۆفیشناڵ به‌هۆی پیشه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ وه‌ته‌ی 2006 كوژراون.

Fly Erbil Advertisment