داعش دەیەوێت لە حەویجەوە پەلاماری كەركووك بدات
ھێزی پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە سەنگەرەكاندا لە ئامادەباشیدان
K24 - كەركووك
داعش ئامادەکاری بۆ ھێرشکردنە سەر کەرکووک دەکات، داعش دەیەوێت ھێرشێکی فراوان بکاتە سەر کەرکووک لە رێگەی نووسراوێکی نھێنیشەوە حکوومەتی عێراق و دەزگا ئەمنیەکانی کەرکووک لە ئامادەکارییەکانی داعش ئاگادار کراونەتەوە ھێزی پێشمەرگەش لە سنووری کەرکووک لە ئامادەباشیدایە.
لوقمان محەمەد جێگیری فەوجی 4 لیوای 11 ھێزی پێشمەرگە بە كوردستان24 گوت: "بەپێی ئەو زانیارییە ھەواڵگریانەی لە سەرووی خۆمان پێمان دەدرێت، بۆ بەرزكردنەوەی ورەی چەكدارانیان دوای شكستەكانیان لە مووسڵ داعش دەیەوێت پەلاماری كەركووك بدات".
نوری محەمەد یەكێك لەو پێشمەرگانەی لە باشووری كەركووك لەگەڵ ھاوسەنگەرانی چاودێری جموجۆڵەكانی داعش دەكەن ئەو دەڵێ: "داعش سوود لە كەشوھەوا وەردەگرێت بۆ پەلاماردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە لە ئامادە باشیدایە و ورەی بەرزە و سەنگەرەكانی پێشمەرگە قایمن و لە حاڵەتی ئامادە باشیداین".