خۆپێشاندەرانی سلێمانی دەچنە بەردەم بارەگای حزبەكان
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: ئەوەی دەكرێت فشارێكی دیكەی خۆپێشاندەرانە
K24 - سلێمانی
ماوەی سێ مانگە لە شاری سلێمانی مامۆستایانی ناڕازی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا وەک نوێنەری وەزارەتی پەروەردە لەدژی سیستمی پاشەکەوتی موچە خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام لە پێشھاتێکی نوێدا ئاراستەی دوایین خۆپێشاندانیان گۆڕی بۆ بەردەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بڕیارە بچنە بەردەم بارەگای لایەنە سیاسییەكانی دیكەش.
ئەنوەر تاھیر جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ئەوەی دەیكەن ناچارییە، چونكە دووساڵە داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن، بەڵام گوێ بە داواكاری فەرمانبەر و مامۆستایانی ھەرێمی كوردستان نادەن، چوونە بەردەم بارەگای حزبەكان تەنھا دروستكردنی فشارە".
سەبارەت بە چوونی مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەردەم مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەندامێکی پێشوتری مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە، رایوایە لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ داوای مافی مامۆستایانە وحکوومەتی ھەرێم بەرپرسە لە جێبەجێکردنی داواکانیان، بەڵام لە ھەمان کاتدا لەگەڵ ئەوەدا نییە بۆبەدەست ھێنانی داوا پیشەییەکان روو لە بارەگای لایەنە سیاسیەکان بکرێت.