سیناتۆرێکی باڵاى ئەمەریکی: ترامپ زۆر زیاتر لە ئۆباما پشتیوانی کورد دەکات

"ئەو سیاسەتەی کە ئۆباما ئامادەنەبوو بیکات، ترامپ ده‌یكات"

K24 – واشنتن:

کاندیدێکی دیاری سەرۆکایەتی و سیناتۆری ئەمەریکا دەڵێت: "ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لە ئۆباما زیاتر هاوکاری و پشتیوانیی پیشمەرگە و گەلی کورد دەکات".

تێد کروز، سیناتۆری کۆمارییه‌كان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان 24، پێیوایە بەڕێوەبەرایه‌تی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ، سیاسەتێکی جیاواز و باشتری لە ئۆباما بەرامبەر کورد دەبێت.

تێد كروز ده‌ڵێت: "من زۆر زۆر گەشبینم کە بەڕێوەبەرایه‌تی نوێی ئەمەریکا سیاسەتێکی زۆر جیاوازتری دەبێت، سیاسەتێك کە راستەوخۆ پشتیوانی لە کورد و پێشمەرگە بکات، ئەو سیاسەتەی کە ئۆباما ئامادەنەبوو بیکات".

 لێدوانی ئەو سیاسەتوانە باڵایەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشتر رەخنەیان لە نەناردنی راستەوخۆی چەکی قورس بۆ پێشمەرگە گرتووە، لە چەند مانگی رابردووش شاندێکی باڵای كورد، بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، سەردانی واشنتۆنی کرد و لە گەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئێستا و نوێی ئەمەریکا کۆبووەوە.

تێد کروز، یه‌كێك بوو کاندیده‌ دیاره‌كانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، یەکێکە لە سیاسەتوانە کاریگەرەکانی پارتی کۆماری و خۆشی بە دۆستی کورد دەناسێنێت و ده‌ڵێت: "وەك دەزانن من ماوەیەکی زۆرە پشتیوانی لە گەلی کورد و پێشمەرگە دەکەم، کە ئێستا شەڕی داعش دەکەن، کورد هاوپەیمانی وەفاداری ئەمەریکان و ئەمەریکاش بەردەوام  وەفادار دەبێت لە هاوپەیمانییەکەی لە گەڵ کورد".

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ کە رۆژی 20ی ئەم مانگە، وه‌ك سه‌رۆك كۆماری ئه‌مه‌ریكا، دەستبەکاردەبێت، لە چەند لێدوانێکی جیاوازیشدا، پشتیوانی خۆی بۆ گەلی کورد و پێشمەرگە، لە شەڕی دژی داعش دەربڕیوە.

Fly Erbil Advertisment