كۆشكی سپی: له تێوه‌گلانی گوله‌ن ده‌كۆڵینه‌وه
"وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا به‌جددی ئه‌و بابه‌ته‌ی وه‌رگرتووه"

K24 – هه‌ولێر:
كۆشكی سپی رایگه‌یاند" وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا به جددی له به‌ڵگه‌كانی په‌یوه‌ست به تێوه‌گلانی پیاوی ئایینی توركی (فه‌تحوڵڵا گوله‌ن) له كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌مووزی توركیا ده‌كۆڵێته‌وه".
له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانێكدا ده‌رباره‌ی دواین هه‌واڵی نوێ ده‌رباره‌ی پرسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی گوله‌ن به ئه‌نقه‌ره، جۆش ئێرنێست گوته‌بێژی كۆشكی سپی گووتی" وه‌زاره‌تی داد به شێوه‌یه‌كی ورد ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له‌گه‌ڵ هاوتا توركه‌كانی كار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئه‌و به‌ڵگه به‌رده‌ستانه چین پاڵپشتی داواكاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی گوله‌ن ده‌كه‌ن له لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا به جددی كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه ده‌كات كه په‌یوه‌ستن به رۆڵی گوله‌ن له هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی توركیا، به‌ڵام بێئاگایی خۆی له‌وه ده‌ربڕی وه‌زاره‌تی داد چه‌نده ماوه‌ی پێویسته بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و به‌ڵگانه‌ی له لایه‌ن توركیاوه پێشكه‌شكراوه".
ئێرنێست ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه" توركیا ده‌وڵه‌تێكی گرنگی ناو هاوپه‌یمانێتی باكووری ئه‌تڵه‌سی و هاوپه‌یمانی ئه‌مریكایه، ئێمه بایه‌خ به هاوبه‌شیمان ده‌ده‌ین به تایبه‌تی له‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ستن به پاراستنی هه‌ر دوو وڵات و هاووڵاتیانمان، سه‌ره‌ڕای ده‌ركه‌وتنی جیاوازییه‌كانمان له هه‌ندێك پرس و كاتدا".