ده‌قى وته‌كانى بارزانى له پانێلێكى داڤۆسدا
K24 – داڤۆس:
پانێلێكى ئه‌مڕۆى داڤۆس تايبه‌ت بوو به تاوتوێكردنى ره‌وشى عێراق و سووريا و مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى پانێله‌كه‌ى كرد و رايگه‌ياند، تا ململانێى تائيفى چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، سه‌قامگيرى نايه‌ته ئاراوه و هه‌رێمى كوردستان پشتيوانى گه‌لى كورد له سووريا ده‌كات له باره‌ى ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكاشه‌وه، سه‌رۆك بارزانى روونيكرده‌وه، ئه‌و ئيداره‌يه زياتر پشتيوانى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر.
داهاتووى مووسڵ
مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له پانێله‌كه‌دا رايگه‌ياند، موسڵى دواى داعش پێويسته به جۆرێك ئيداره بكرێت كه هه‌ڵه‌كانى رابردوو دووباره نه‌كرێنه‌وه و ده‌سته‌به‌رى مافى هه‌موو پێكهاته‌كان بكرێت تێيدا.
بارزانى گوتى: "به دڵنياييه‌وه پرۆسه‌ى رزگاركردنى مووسڵ به دوو قۆناغ وه‌ك رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو له لايه‌ن وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له 17ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو ده‌ستيپێكرد و پێشمه‌رگه توانى هێڵى به‌رگرى داعش تێكبشكێنن و به‌و هۆيه‌وه سوپاى عێراق توانى پێشڕه‌وى بكات بۆ رزگاركردنى مووسڵ".
هه‌روه‌ها گوتى: "هه‌ڵمه‌ته‌كه له قۆناغى يه‌كه‌مدا سه‌ركه‌وتوو بوو و كۆتايى پێهات له 27ى مانگى تشرينى دووه/ نۆڤه‌مبه‌رى رابردوو و دواتريش سوپاى عێراق ده‌ستيكرد به جێبه‌جێكردنى پلانى داڕێژراو و له راستييدا سه‌ركه‌وتنى مه‌زن هاتنه ئاراوه له‌ته‌ك سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه و هه‌ر دوێنێش شارى تلكێف له دوورى 20 كيلۆمه‌تر له باكوورى مووسڵ رزگار كرا. هه‌روه‌ها لايه‌نى چه‌پى مووسڵ هه‌رچه‌نده به‌رگريى كه‌مى لێماوه به‌ڵام رزگار كراوه و ئێستا پێويسته لاى رۆژئاواى مووسڵ رزگار بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتى: "من هه‌وڵمدا ئه‌و كاته‌ى پلانى سه‌ربازى داده‌نرا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، كه پلانێكى سياسى هه‌بێت بۆ قۆناغى دواى مووسڵ و هه‌ست ده‌كرا په‌له‌كردنێك هه‌بوو، ئێمه رێككه‌وتين له سه‌ر ئه‌وه‌ى ليژنه‌يه‌كى باڵا له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا درووست بكرێت بۆ چاره‌سه‌كردنى ئه‌و كێشانه‌ى دێنه پێشه‌وه و له هه‌موو لايه‌نێكه‌وه پێويسته ئێمه بگه‌ڕێينه‌وه بۆ راى خه‌ڵكى ناوچه‌كه و راپرسى بكرێت كه ئه‌وان داواى چى ده‌كه‌ن و بڕيارى چى ده‌ده‌ن و پێويسته رێز له بڕياره‌كه‌شيان بگيرێت چ وه‌كو شارى مووسڵ و چ وه‌ك پارێزگاى نه‌ينه‌وا چونكه ئه‌و پارێزگايه تايبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌يه و فره مه‌زهه‌ب و ئاين و نه‌ته‌وه‌يه و هه‌ر جۆره شێوازێكى به‌ڕێوه‌بردن پێويسته ده‌سته‌به‌رى مافه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان بكات و ئه‌و رووداوانه‌ى له سه‌رده‌مى داعش رووياندا ده‌بێت دووباره نه‌بنه‌وه".
راپرسى هه‌نگاوى داهاتووه
پرسيار: ئايا پێتان وايه ئه‌مه گونجاوه ليژنه‌يه‌كى سه‌ربازى ياخود به‌شێوه‌يه‌ك له شێوه‌كان پارێزگا و ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ى كاروباره‌كان به‌ڕێبكات..
بارزانى: به دڵنياييه‌وه راپرسى بۆ قۆناغى داهاتووه و ئێستا ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا هه‌يه و به‌رپرسى ديكه‌ى ئيدارى هه‌يه وه‌ك قائيمقام و شاره‌وانييه‌كان و ئه‌و ليژنه‌يه‌شى بڕيارى لێدراوه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێده‌چێت زياتر بن له‌و ئاليانه‌ى هاتوونه‌ته ئاراوه.
ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، پێشبينى ده‌كه‌ين، وه‌زيرى نوێى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا گۆڕانكارييه‌كى ريشه‌يى له سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا بهێنێته ئاراوه.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانى روونيكرده‌وه، ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا زياتر له ئيداره‌ى پێشوو به ته‌نگ شه‌ڕى تيرۆره‌وه ده‌بێت و هاوكارى زياترى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق ده‌دات.
پرسيار: ئايا كاريگه‌رى گۆڕينى ئيداره‌ى ئه‌مريكا چ كاريگه‌رييه‌كى له‌سه‌ر شه‌ڕى داعش و پرۆسه‌ى سياسى له عێراق ده‌بێت..
بارزانى: به گوێره‌ى ئه‌و په‌يوه‌ندييانه‌ى له‌گه‌ڵ ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا روويانداوه، به پێى ئه‌وه‌ى كه له‌وانه‌وه بيستوومانه دڵنيايى ئه‌وه‌يان داوه كه به‌رده‌وام ده‌بن له هاريكاريكردنى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق له دژى داعش، پێشبينى ده‌كه‌ين ئيداره‌ى ئێستا زياتر له ئيداره‌ى رابردوو له بابه‌تى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر هاريكار بێت و ئه‌وه‌شمان بيستووه، به‌ڵام پێويسته چاوه‌ڕوان بين و ده‌بێت ئه‌نجامه‌كه‌ى ببينين.
سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا ده‌گۆڕێت
پرسيار: وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى پاڵێوراو رۆڵێكى كاريگه‌رى هه‌بوو بۆ عێراق ئايا په‌يوه‌نديتان له‌گه‌ڵى هه‌يه و ده‌يناسن..
بارزانى: پێشبينى ده‌كه‌ين و به دڵنياييه‌وه ده‌يناسم و ئه‌وم بينيوه له ناوچه‌كانى ديكه و سه‌ردانى عێراقيشيى كردووه و كه‌سێك كه گرنگى به دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌دات و پێشبينى ده‌كه‌ين ئه‌و گۆڕانكارييه‌كى ريشه‌يى له سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا بهێنێته ئاراوه.
چاره‌نووسى كورد له سووريا
مه‌سعود بارزانى، راشيگه‌ياند، پشتيوانى له‌و بژاره ده‌كه‌م كه گه‌لى كورد له سووريا پشتيوانى لێده‌كات و له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كان له‌سه‌رى رێكده‌كه‌وێت.
روونيشيكرده‌وه، هه‌رێمى كوردستان خوازياره به زوويى كێشه‌ى سووريا چاره‌سه‌ر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاواره و په‌نابه‌ره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆيان.
پرسيار: ئێوه پێت وايه هه‌رێمێكى ئۆتۆنۆمى كوردى له ناو سووريا دابمه‌زرێت، پێتان وايه ئه‌وه چاره‌سه‌رێكى كارا ده‌بێت..
بارزانى: من پاڵپشتى له‌وه ده‌كه‌م كه گه‌لى كورد له سووريا پشتيوانى لێده‌كه‌ن له رێككه‌وتنيان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لايه‌نه‌كانى ديكه له‌سه‌رى كۆكبن و به ناوى خۆمه‌وه قسه ناكه‌م، ئه‌وه خواستى خه‌ڵكى ئه‌وێيه و هه‌روه‌ها ئێمه له هه‌مان كاتدا زياتر له 300 هه‌زار ئاواره‌ى سووريامان په‌ناداوه و خوازيارين زووتر ئاشته‌وايى بێته ئاراوه بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌كه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆيان.
ململانێى تائيفى سه‌قامگيرى له‌ناو ده‌بات
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، رايگه‌ياند، پێويسته كار بكرێت بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێكى بنه‌ڕه‌تى بۆ كێشه‌ى ململانێى ئاينى و مه‌زهه‌بى و تائيفى له عێراق و ناوچه‌كه، ئه‌گينا سه‌قامگيرى نايه‌ته ئاراوه.
پرسيار: سه‌باره‌ت به ململانێى تائيفى له عێراق و سووريا پێم خۆشه راى سه‌رۆك بارزانى بزانم..
بارزانى: كێبڕكێ و ململانێى ئاينى و مه‌زهه‌بى و تائيفى له عێراق و سووريا بوونى هه‌يه و ئه‌وه واقيعه و چاره‌سه‌رى به‌په‌له‌شى ئه‌سته‌مه، به‌ڵام پێويسته كار بكرێت بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێك ئه‌گينا سه‌قامگيرى له‌و دوو وڵاته نايه‌ته ئاراوه.
ئ.هـ.