ئەمریكا ھانی سەدامی داوە ھێرش بكاتە سەر حافیز ئەسەد

بۆ ئەوەی لە داخستنی بۆرییە نەوتییەكان بۆ سەر دەریای ناوەڕاست پەشیمانی بكاتەوە

K24 - ھەولێر

بە پێی بەڵگەنامەیەكی نھێنی سی ئای ئەی لە ساڵی 1983، پێشنیار كراوە پێویستە ئەمریكا ھانی سەدام حوسێن بدات بۆ ئەوەی ھێرش بكاتە سەر سوریا بۆ گرەنتی كردنی گواستنەوەی نەوت بۆ دەریای ناوەڕاست و كەنداو.

راپۆرتەكە لە لایەن بەرپرسێكی پێشووی سی ئای ئەی ئاشكرا كراوە، كە بە ھۆی داخستنی بۆرییە نەوتییەكانی عێراق لە لایەن حافیز ئەسەد لە ساڵی 1983، ئەمریكا ھانی سەدام حوسێنی داوە ھێرش بكاتە سەر سوریا.

بە پێی ھەواڵێكی دەیلی مەیل، گراھام فولێر لە بارەی ناوەڕۆكی راپۆرتی نھێنی سی ئای ئەی دەڵێت "پێویستە ئەمریكا ھانی عێراق بدات بۆ ئەوەی شەڕ لەگەڵ سوریا بكات"، ئاماژەش بەوە دەدات "سەدام ئەوكات بە ھۆی شەڕی لەگەڵ ئێران، شەڕ بۆ مانەوەی خۆی دەكرد".

راپۆرتەكە داخستنی بۆری گواستنەوەت نەوت لە لایەن ئەسەد وەك "زەنگێكی ھۆشداری" بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە لوبنان و كەنداو زانیوە.

باس لەوەش كراوە "پێویستە ئەمریكا بە خێرایی گوشارەكانی لەسەر ئەسەد زیاد بكات لە سنوری سێ دەوڵەتی دوژمنی، لەوانە عێراق، ئیسرائیل و توركیا".

پێشی وابووە بە "ھۆی سێ بەرەی جەنگ، ئەسەد لەوانەیە ناچار بێت واز لە داخستنی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوت بھێنێت".

سی ئای ئەی "ھیوادار بووە عێراق رازی بكرێت بۆ ئەوەی ھاوكاری بكات، كە داخستنی بۆری گواستنەوەی نەوت، سەرباری بارھێنانی ئاستەنگی دارایی و زیان گەیاندن بە وڵاتان دەبێتە ھۆی روودانی شەڕ لە كەنداو".

ئاماژەشی بەوە داوە "ئەگەر عێراق رازی نەبێت بۆ شەڕێكی دیكە، بەڵام سوریا لە شەڕی لوبنان دایە و دەتوانرێ بازنەی شەڕەكەی فراوانتر بكرێت".

زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بیجگەلە لە لیبیا لەگەڵ كردنەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست بوون.

لە بارەی توركیاش دەڵێت ئەو وڵاتە لە پشتگیری سوریا بۆ "تیرۆریزمی ئەرمەن، كوردەكانی عێراق و تیرۆریستەكانی توركیا لە باكووری سوریا " توڕە بوو و ھێرشكردنە سەر "كەمپەكانی تیرۆر" لە باكووری سوریا لەبەرچاو گرتبوو.

بۆ ئەمریكا ھەرسێ وڵاتی عێراق، ئیسرائیل و توركیا لە كارە پێشینەكانی بوو، بۆ ئەوەی ئەسەد لە داخستنی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوت پەشیمان بكاتەوە.

JS

Fly Erbil Advertisment