"ئهوكوشتارگه ترسناكه راگرن"
به‌هۆی زیادبوونی دیارده‌ی كووشتن و ته‌قه‌كردن، تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی ناردنی هێزی پۆلیسی فیدراڵی له شاری شیكاگۆ ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
كێشه‌ی زیادبوونی تاوان له كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكیدا بووه‌ته جێگه‌ی بایه‌خی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا، له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردنه‌كاندا زۆر به بایه‌خه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر رێوشوێنه ئه‌منییه‌كان كرد، ئێستاش ده‌ستیكردووه به هۆشداریدان به شاری شیكاگۆی ویلایه‌تی ئیلینۆی و ده‌ڵێت" ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ی له‌و شاره‌دا هه‌یه رانه‌گیرێت، پۆلیسی فیدراڵی ده‌نێرمه شاره‌كه".
تره‌مپ رووی له ده‌سه‌ڵاتدارانی شار و ویلایه‌ته‌كه كردووه و له تویته‌ره‌وه نووسیویه‌تی" ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌و كوشتارگه ترسناكه رابگرن، ئاماده‌م داوای ده‌ستوه‌ردانی حكومه‌تی فیدراڵی بكه‌م تا هێزی پۆلیسی فیدراڵی بنێرنه شاره‌كه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر شیكاگۆ بۆ چاكسازی هه‌نگاو هه‌ڵنه‌گرێت دژی ئه‌و كوشتارگه ترسناكه‌ی كه بووه‌ته هۆی 228 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن و 42 حاڵه‌تی كووشتن و زیادبوونی رێژه‌ی 24% تاوان، ئه‌وه فیدراڵییه‌كان ده‌نێرم". وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پۆلیسی فیدراڵی ئه‌مریكی.
به‌گوێره‌ی ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ی رۆژنامه ناوخۆییه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه، له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا له شاری شیكاگۆ 762 تاوانی كوشتن و 4300 قوربانی دیكه‌ی ته‌قه‌كردن تۆماركراوه، له ماوه‌ی دوو سه‌رده‌می دوایی مێژووی نوێی شاره‌كه‌دا، ساڵی 2016 مه‌ترسیدارترین ساڵ بووه".
ئه‌مه‌ش جاری یه‌كه‌م نییه تره‌مپ باسی شیكاگۆ و تاوانه‌كان له‌و شاره‌دا ده‌كات، به‌گویره‌ی رۆژنامه‌ی USA TODAY تره‌مپ به به‌رده‌وامی ره‌خنه‌ی له سه‌رۆكی شاره‌وانی شاره‌كه ( رام ئیمانوێڵ) گرتووه و مامه‌ڵه‌ی ئیدارهكهیی به سه‌رچاوه‌ی زیادبوونی توندوتیژییه‌كانی شاره‌كه زانیووه".
هه‌ر بۆیه تره‌مپ نوسیبووی" ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی شاره‌وانی ناتوانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توندوتیژییه به‌ربڵاوه‌كانی شاره‌كه‌یدا بكات، له‌سه‌ریه‌تی داوای هاوكاری له حكومه‌تی فیدرالی بكات".
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست نوسیوویه‌تی" هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ناردنی هێزی فیدراڵی بۆ شیكاگۆ" پاش رۆژێك له ره‌خنه‌گرتنی رام ئیمانوێڵی سه‌رۆكی شاره‌وانی بووه كه گوتبووی" تره‌مپ هه‌موو سه‌رنجی له‌سه‌ر ژماره‌ی ئاماده‌بووانی رێوڕه‌سمی دهستبهكاربوونهكهیهتی له جیگه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌رنج بخاته‌سه‌ر یه‌كخستنی ئه‌مریكییه‌كان".