میدیاكانی عەرەبی: تەندروستی ئەسەد تێكچووە
حكومەتی سوریا بە دەنگۆیەكی دژی ئەسەد دەزانێت و رەتدەكاتەوە
.jpg)
K24 - ھەولێر
حكومەتی سوریا ھەواڵەكانی لەبارەی تەندروستی بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە رەت دەكاتەوە و دەڵێت لە تەندروستییەكی تەواو باش دایە.
میدیاكانی عەرەبی بڵاویان كردەوە رەوشی تەندروستی ئەسەد تێكچووە و ئاماژەش بەوە دەكەن باری دەروونی ئەسەد لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو بەرەو خراپی چووە.
ھەندێ لە میدیاكان رایانگەیاند ئەسەد جەڵتەی مێشكی لێداوە، بێ ئەوەی كاتەكەی دیاری بكەن.
سەرۆكایەتی سوریا لە بەیاننامەیەكدا ئەو ھەواڵەی رەتكردەوە و گوتی "ئامانجیان لەم دەنگۆیانە بەرزكردنەوەی مۆراڵی دوژمنانی ئەسەدە".
ئەسەد پاش مردنی باوكی، حافیز ئەسەد لە ساڵی 2000 بووە سەرۆكی سوریا و لە یەكەم ساڵەكانی دەسەڵاتی دەستی بە ھەندێ كرانەوەی سیاسی كرد كە بە "بەھاری دیمەشق" ناونرا، بەڵام زۆر بەردەوام نەبوو و پاش ماوەیەك دەزگا ئەمنییەكانی دەستیان بە سەركوت كردنی نەیارانی كرد.
لە ماوەی نزێكەی شەش ساڵ شەڕی ناوخۆیی سوریا نزیكەی 500 ھەزار كەس كوژراون و نزیكەی 11 ملیۆنیش ئاوارە بوون.
پێشتریش چەندین جار ھەواڵی تیكچوونی تەندروستی ئەسەد بڵاو كرایەوە كە ھەموو جارێك لە لە لایەن حكومەتی سوریا رەتكراوەتەوە.
JS