ئۆباما بەرامبەر نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت
ئۆباما 55 ساڵی وەك نووسەری پڕفرۆشترین كتێب چووە كۆشكی سپی، پاش ئەوەی كتێبەكەی بەناوی "خەونەكانی باوكم" لە ساڵی 1995 بڵاو كردەوە

K24 - ھەولێر
سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما بەرامبەر نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی لە وانەیە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلاری پێ بدرێت، كە زیاترە لەوەی پێشتر بە سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا دراوە بەرامبەر نووسینەوەی بیرەوەرییەكانیان.
بە پێی ھەواڵێكی دەیلی مەیل، ئێستێر نیوبێرگ ھاوسەرۆكی ھاوبەشەكانی ICM بۆ پەخش و بڵاوكردنەوە دەڵێت ئۆباما لە بەرامبەر نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی زیاتر لە ھەر سەرۆكێكی دیكە پارە وەردەگرێت.
ئۆباما 55 ساڵی وەك نووسەری پڕفرۆشترین كتێب چووە كۆشكی سپی، پاش ئەوەی كە كتێبەكەی بەناوی "خەونەكانی باوكمی لە ساڵی 1995 بڵاو كردەوە.
جۆرج دەبلیو بۆش پاش بەجیھیشتنی كۆشكی سپی 7 ملیۆن دۆلار بەرامبەر نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی وەرگرت لە كتێبی بە ناوی "خاڵەكانی بڕیاردان" لە ساڵی 2010.
بیل كلینتۆن لە ساڵی 2001 بەرامبەر نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی لە كتێبی "ژیانی من" 15 ملیۆن دۆلاری وەرگرت.
2.6 ملیۆن كۆپی كتێبی بۆش فرۆشرا و كتێبی كلینتۆنیش 2.2 ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا.
ھیلاری كلینتۆن خانمی یەكەمی پێشووتری ئەمریكا 8 ملیۆن دۆلار بەرامبەر نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی لە ساڵی 2008 وەرگرت.
بێجگە لە ئۆباما دوو سەرۆكی دیكەی ئەمریكا بە نووسینی پڕ فرۆشترین كتێب چوونەتە كۆشكی سپی.
دیوایت دی ئایزنھاوەر بە نووسینێی كتیبی "گەشتە ئەورووپییەكانی خاچپەرستی" لە ساڵی 1948 و دۆناڵد ترەمپ بە نووسینی كتێبی "ھونەری مامەڵە" لە ساڵی 1987 چوونەتە كۆشكی سپی.
JS