لە ھێرشێكی چەكداری بۆ سەر مزگەوتێك لە كەنەدا شەش كەس كوژران
لە كاتی ھێرشەكەدا نزیكەی 40 كەس لە سەنتەی كلتوری ئێسلامی لە شاری كبێك بوون

K24- ھەولێر
پۆلیسی كەنەدا رایگەیاند شەش كەس لە ئەنجامی ھێرشێكی چەكداری بۆ سەر مزگەوتێك لە شاری كێبێك كوژران و 8 دیكەشی برینداربوون.
پێشتر بەرپرسی سەنتەی كلتوری ئێسلامی لە شاری كێبێك لە كەنەدا بە پەیامنێرانی رایگەیاند پێنج كەس لە كاتی نوێژی مەغریب بە ھۆی ھێرشێكی چەكداری كوژران.
رویتەرز لە سەر زاری شایەتحاڵان بڵاوی كردەوە لە كاتی ھێرشەكەدا نزیكەی 40 كەس لە سەنتەری كلتوری ئێسلامی لە شاری كبێك بوون، كە دوو چەكدار بە دەموچاوی داپۆشراو بە ھەڕەمەكی تەقەیان لە دەیان نوێژكەری ناو مزگەوتەكە كرد.
محەمەد یانگوی بەرپرسی سەنتەرەكە گوتیشی: "بۆ ھێرشیانكردە سەر ئەم سەنتەرە؟ ئەوە وەحشیگەرییە".
پۆلیسی كێبێك لە شوێنی رووداوەكە گوتی دوو كەس دەستگیر كراون.
شایەتحاڵێك گوتی زرێپۆشێكی پۆلیس چووە ناو مزگەوتەكە، پاش ئەوەی گومانی بوونی چەكداران لە مزگەوتەكە بڵاو بووەوە.
پۆلیسی كبێك لە تویتێكدا رایگەیاند رەوشەكە كۆنترۆڵكراوە و خەڵكی ناوەوە گواستراوەتەوە.
جاستن ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لە بەیاننامەیەكدا ئەو ھێرشەی شەرمەزار كرد و بە كردەوەیەكە تیرۆریستیش بەناو كرد.
ترۆدۆ لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە ئەمشەو كەنەداییەكان غەمگینن بۆ كوژراوانی ھێرشەكەی شاری كێبێك.
JS
Tonight, Canadians grieve for those killed in a cowardly attack on a mosque in Quebec City. My thoughts are with victims & their families.
— Justin Trudeau (@JustinTrudeau) January 30, 2017