تره‌مپ بۆ دوو ده‌ستگیراندار بووه‌ته دڕكی مه‌م و زین
بڕیاره‌كه‌ی كۆشكی سپی خه‌ریكه به‌ختی ئه‌وانیش ره‌ش ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
دوو هاوسه‌ری گه‌نج له سه‌روبه‌ندی ئه‌ودا بوون دوای چه‌ند رۆژێكی كه‌م ژیانێكی هاوبه‌شی نوێ له ئه‌مریكا ده‌ستپێبكه‌ن، به‌ڵام بریاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ رێگه‌گرتن له چوونی هاووڵاتیانی 7 وڵاته زۆرینه موسوڵمانه‌كه، له ناویاندا ئێران، نه‌هیهێشت كچێك ئێران جێبهێڵێت و بگاته لای ده‌ستگیرانه‌كه‌ی كه له ئه‌مریكا له چاوه‌ڕوانییه‌تی.
رۆزبیه عه‌لی ئابادی، له كۆمپانیایه‌كی راوێژكاری كارده‌كات و ته‌مه‌نی 32 ساڵانه، له‌گه‌ڵ ژینوس كه ئه‌ندازه‌ی ته‌لارسازی ته‌واوكردووه و ته‌مه‌نی 31 ساڵه پێش دوو ساڵ له تاران له ئاهه‌نگێكدا حه‌زیان له یه‌كتریكردووه و له كۆتایدا مانگی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریان واژۆده‌كه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی رۆزبیه عه‌لی ئابادی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شوێنی نیشته‌جێبوونی له ئه‌مریكا، ده‌ستده‌كات به مامه‌ڵه‌كردنی یاسایی و كارگێڕی بۆ ئه‌وه‌ی ژینوسی هاوژینی بهێنێته ئه‌مریكا و ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیری سازبكه‌ن و ده‌ست به ژیانێكی نوێ بكه‌ن.
رۆزبیه ده‌یه‌وێت بۆ به ده‌ستهێنانی دكتۆرا خۆی تۆمار بكات، ژینوس بڕیاریداوه له شوێنی نوێی ژیانی ده‌ست به كاركردن بكات.
له 17/12/2016 له‌و كاته‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆك ئۆباما له كۆتایی نزیكببووه‌وه، ئه‌و كات بڕیار له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی رۆزبیه بۆ نیشته‌جێبوونی هه‌میشه‌ییان له‌گه‌ڵ ژینوس ده‌درێت و ئه‌وانیش زۆر خۆشحاڵ ده‌بن.
به‌ڵام ملیاردێره پیره‌كه دوای 10 رۆژ له‌وه‌ی پێنایه ناو كۆشكه سپییه‌كه‌وه، به بڕیارێك به‌ختی رۆزبیه و ژینوس ره‌ش ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی بڕیاری رێگه‌گرتن له هاووڵاتیانی 7 وڵاته زۆرینه موسوڵمانه‌كه ده‌رده‌كات بۆ ماوه‌ی 90 رۆژ و بڕیاری لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ی په‌نابه‌ران توند ده‌كات، دڵی ئه‌و دوو ده‌ستگیرانه‌ش ده‌گوشێت.
رۆزبیه عه‌لی ئابادی كه له بیتسبێرگی رۆژهه‌ڵات ده‌ژی، به ته‌له‌فۆن به ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ڕه‌نسی گوتووه"هه‌ست ده‌كه‌م وێران بووم" و پێموانییه بتوانین ئیدی ئاهه‌نگه‌كه بگێڕین، چونكه ئیتر بووكه‌كه لێره نییه، به راستگۆیی ده‌ڵێم هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌و ئاهه‌نگه‌مان وه‌ستاندووه، ئه‌وه‌ی بۆ ئاهه‌نگی بووك گواستنه‌وه ده‌مانكرد رامانگرتووه".
Thank u @realDonaldTrump 4 banning my wife to enter the #US & delay our wedding. Our love will be stronger than your ban & wall.@NIACAction pic.twitter.com/NdLItKWpHI
— Roozbeh Aliabadi (@roozbehaliabadi) ٢٥ يناير، ٢٠١٧
رۆزبیه وه‌ك تره‌مپ په‌نا ده‌باته به‌ر تویتی تویته‌ره‌كه‌ی و له ژێر ئه‌و مۆته‌كه بێ هیوایه‌ی یه‌خه‌ی گرتووه، وێنه‌یه‌كی خۆی و ده‌ستگیرانه‌كه‌ی داده‌نێت و له ژێر وێنه‌كه‌دا نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌نووسێت و ده‌ڵێت" سوپاس بۆ تۆ دۆناڵد تره‌مپ، چونكه نه‌تهێشت هاوسه‌ره‌كه‌م بێته ئه‌مریكا و هاوسه‌رگیرییه‌كه‌مانت دواخست، خۆشه‌ویستیمان له بریار و دیواره‌كه‌ت به‌هێزتره. ئه‌و نامه‌یه‌ش 2700 جار له تویته‌ر شه‌یركراوه و گواستراوه‌ته‌وه".
ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه كه ده‌یه‌وێت هاوسۆزی له‌گه‌ڵ مرۆڤه ساده‌كان ده‌رببڕێت كه به‌هۆی بریاره‌كه‌وه زیانیان لێكه‌وتووه.
رۆزبیه ده‌ڵێت" هه‌موومان ده‌مانه‌وێت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ئارام بێت، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌م بارودۆخه كێشه‌ی بۆ ژیانمان درووستكردووه".
ئه‌و گه‌نجه موسوڵمانه كه پێشتر به هۆی بیروباوه‌ڕ و ئاینه‌كه‌یه‌وه ئازاری بینیووه، به‌ڵام هێشتا ناتوانێت به‌راوردی بكات به‌م رۆژانه‌ی تێیدا ده‌ژی، ته‌نانه‌ت پاش 11 ی سێپته‌مبه‌ریش وانه‌بووه، بۆیه ده‌ڵێت" ئه‌و كه‌سانه‌ی له هه‌مان بارودۆخدا ده‌ژین، ئه‌مرۆ هه‌ست به ترس ده‌كه‌ن".
زیاتر له ملیۆنێك ئێرانی له ئه‌مریكا ده‌ژین، نزیكه‌ی 35 هه‌زار كه‌س له‌وانه له ساڵی 2015 دا به ڤیزا چوونه‌ته ئه‌مریكا.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا كارتی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی(گرین كارد) یان به ژینوس داوه، بۆ ئه‌وه‌ی بچیته ئه‌مریكا بژیت، ده‌بێت ئه‌و مۆڵه‌ته‌ت هه‌بێت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاماده‌یه یه‌كه‌م گه‌شت بۆ وڵاتێكی دیكه بێجگه له ئێران بكات، له‌و وڵاتانه‌ی كه وه‌ك ئێران له ساڵی 1980 وه په‌یوه‌ندی دیپلۆماسیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نه‌پچڕابێت.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ به داوای لێبوردنه‌وه ده‌ڵێت ناتوانم هیچ شتێك بكه‌م، چونكه بڕیاری رێگه‌گرتنه‌كه ده‌رگاكانی به توندی داخستووه.
ئێستا رۆزبیه له خۆی ده‌پرسیت ده‌توانم چیبكه‌م؟"، بۆیه ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر داوای لێبوردن له هاوسه‌ره‌كه‌م بكه‌م كه ناتوانێت بێته ئه‌مریكا، مانایوایه تره‌مپ له وڵاتێك ده‌ریكردووم كه له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری میوانداریكردم و ئێستا هاووڵاتییه‌كی ئه‌و وڵاته‌شم".
له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێت ئایا ده‌كرێت داوای جیابوونه‌وه بكه‌م؟"، "بێگومان ئه‌و بژراده‌یه له مێشكمدانییه".
ژینوس به هه‌مان شێوه له دۆخێكی قورسدایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وشه نوێیه قبوڵ بكات، رۆزبیه ده‌ڵێت ژینوس پێیگوتووم" گوێ له سه‌رۆكه‌كه‌مان مه‌گره، ئه‌مریكا وڵاتێكی باشه، به‌ڵام تێناگه‌ن دووچاری شۆك بوونه‌ته‌وه".
به‌ڵام هێشتا رۆزبیه باوه‌ری وایه ماوه دیاریكراوه‌كه ته‌واو ده‌بێت و ناگه‌نه جیابوونه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی و ده‌ڵێت" بیروباوه‌ڕێكی قوڵم به سیستمی سیاسی ئه‌مریكا هه‌یه".
له كۆتایی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسه فه‌ڕه‌نسییه‌كه رۆزبیه ده‌ڵێت" له ماوه‌ی 5 یان 6 یان 10 ساڵی دیكه، ئه‌م رۆژانه ده‌بنه چیرۆكێكی سه‌یر بۆ منداڵه‌كانمان، هیوادارم له‌وكاته‌ی بۆ منداڵه‌كانی ده‌گێڕمه‌وه، یاده‌وه‌رییه‌كی خۆش بێت نه‌ك یادێكی تاڵ له سه‌رۆك تره‌مپه‌وه".
بۆیه تا ژینوس نه‌گاته ئه‌مریكا، ئیدی باسی بانگێشت و داوه‌تكردنی میوانه‌كانی ئیرانیش خراوه‌ته لاوه و نازانرێت ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌كرێت، یان داخستنی ده‌رگاكانی ئه‌مریكا، ده‌بێته ده‌رگای جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ده‌ستگیرانداره.