ئه‌ردۆغان: نابێت بڵێین ئيرهابى ئيسلامى
"85 سندووق زانیاری و به‌ڵگه‌مان داوه‌ته ئه‌مه‌ریكا"
K24 - هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا، جارێكی دیكه به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "ئیرهابی ئیسلامی" ره‌تكرده‌وه و رایگه‌یاند، به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه هه‌ڵه‌یه و موسڵمانان نیگه‌ران ده‌كات.
ئه‌ردۆغان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا، له‌گه‌ڵ ئه‌نگێل مێركل راوێژكاری ئه‌ڵمانیا, له ئه‌نقه‌ره، گوتی: "وشه‌ی ئیسلام واتا سه‌لام (ئاشتی)، ئیسلام و ئیرهاب (تیرۆر) له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆنابنه‌وه، به‌داخه‌وه هه‌ندێك وڵات ئه‌و دووشته به‌یه‌ك ده‌به‌ستنه‌وه".
مه‌به‌ست له لێدوانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان، بڕیاره‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه، كه بڕیاری راگرتنی پێدانی ڤیزای به هاووڵاتییانی 7 وڵاتی زۆرینه موسڵمان داوه، به بیانووی ئه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌و وڵاتانه‌وه دێن.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به رێكخراوی "فه‌تحوڵڵا گوله‌ن" كرد و گوتی: "ئه‌و رێكخراوه ببوه ئامرازی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی گه‌وره‌كانییان، سه‌ره‌ڕای رێكخراو و گرووپه لاده‌ره‌كانی دیكه"، هه‌روه‌ها گوتی: "گه‌وره‌یی ئه‌و خیانه‌ته‌ی له 15ی ته‌ممووز/ یۆلیۆ ئه‌نجامییاندا، به‌هیچ شتێك به‌راورد ناكرێت، مه‌گه‌ر رۆژانی داگیركردنی توركیا به‌ر له 100 ساڵ پێش ئێستا".
ئه‌ردۆغان گوتیشی: "نزیكه‌ی 85 سندووق، زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌مان ره‌وانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه كه تایبه‌ت به رێكخراوه تیرۆریستییه‌كه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن و پێموایه ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی خێراتر بڕیار له باره‌ی ئه‌و پرسانه‌وه بدرێت".
به‌رپرسانی باڵای توركیا، فه‌تحوڵڵا گوله‌ن و رێكخراوه‌كه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، به هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا سه‌ربازییه شكستخواردووه‌كه‌ی مانگی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016.
فه‌تحوڵڵا گوله‌ن ئێستا له یه‌كێك له‌ناوچه‌كانی ویلایه‌تی په‌نسلڤانیای ئه‌مه‌ریكا ده‌ژیت و حكوومه‌تی توركیا به فه‌رمی داوای كردووه ئه‌و پیاوه ئایینییه‌یان راده‌ست بكه‌نه‌وه.
سه‌ردانه‌كه‌ی مێركل بۆ توركیا به یه‌كه‌م سه‌ردان داده‌نرێت له دوای هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی ناوه‌ڕاستی ساڵی رابردوو، به گوێره‌ی لێدوانی ئه‌ردۆغان، له كۆبوونه‌وه‌ياندا باسییان له ته‌نگژه و ململانێكانی عێراق و سووریا كردووه.