شەقامی 120 مەتری ھەولێر دەكرێتەوە
پڕۆژە بە یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی كوردستان دادەنرێت
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ پڕۆژەی شەقامی 120 مەتری كە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی ھەرێمی كوردستان بە فەرمی دەكرێتەوە.
ئاراس ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەقامی 120 مەتری ھەولێر بە فەرمی دەكرێتەوە".
گوتیشی: "لە ئێستادا ئامادەكاری تەواوكراوە بۆ بەڕێوەچوونی رێوەڕەسمی كردنەوەی شەقامەكە".
پشتر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی رێگاوبان لە کۆمپانیای گروپی ھێمن بۆ كوردستان24 گوتی: "شەقامی 120 ھەولێر ھیچ ترافیكێكی تێدا نییە، ھەموو ئەو شوێنانەی كە لە دەرەوە و ناوەی شار ئۆتۆمبێل لێی دێتە سەر شەقامەكە بە بەرزە پرد و ژێر پرد بەستراوەتەوە".
ھەر بە گوتەی ئەو ئەندازیارە، شەقامی 120 مەتری درێژییەکەی 38 کم بەسەر سێ بەش دابەشکراوە و بە گوژمە 140 ملیۆن دۆلار پڕۆژەكە ئەنجامدەدرێت.