حه‌سه‌ن رۆحانی سوپاسی تره‌مپ ده‌كات

تره‌مپ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ تێنه‌گه‌یشتووه‌

K24 - هه‌ولێر:

حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران رایگه‌یاند، سوپاسی دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌ن، كه‌ رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌مه‌ریكای ده‌رخستووه‌ و به‌ تێنه‌گه‌یشتن له‌ رێككه‌وتنی ناووكی، تۆمه‌تباری ده‌كات.

كاردانەوەكانی ئێران لە بەرانبەر بڕیارەكانی ئەمریكا و گەمارۆ نوێكانی سەر وڵاتەكەی بەردەوامە و حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێرانیش، رێككه‌وتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی جیھان بە نموونەیەك بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكە ناودەبات و دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكاش بە تێنەگەیشتن لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران تۆمەتبار دەكات.

رۆحانی گوتی: "رێككه‌وتنی ناووكی ئێران دەتوانرێت وەك نموونەیەك دابنرێت بۆ دەیان دانوستانی دیكە لەپێناو  پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "سەرۆكی نوێی ئەمریكا رێككەوتنە ناووكييه‌كه‌ی ئێران دەخوێنێتەوە و ناتوانێت بڕوا بەو سەركەوتنانە بكات ھەر بۆیە بە خراپترین رێككەوتنی ئەمریكا لە مێژووی جیھاندا ناویدەبات".

له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، داوای ئاشكراكردنی نھێنیی وردەكارییەكانی رێككەوتنە ناووكيیه‌كه‌ی ئێران دەكرێت و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانيش رايگه‌ياند، رێككه‌وتنى ناووكى له‌گه‌ڵ پێنج كۆ يه‌ك كه‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

بە گوێره‌ى ھەواڵی فۆكس نیوز، لە دوای تاقیكردنەوە موشەكییەكانی ئێرانەوە، ژمارەیەك لە كۆماریخوازانی ئەمریكا لەوانە مایك پۆمپیۆ سەرۆكی رێكخراوی سی ئای ئەی ئەمریكا، گوشاریان خستووه‌تە سەر دۆناڵد ترامپ، ناوەڕۆك و وردەكارییە شاراوەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران ئاشكرا بكات.

پێشتریش ئێران لە سەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما، داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناووكی كردبوو كە رێگە نەدرێت لایەنە شاراوەكانی دانوستانە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك ئاشكرا بكرێت.

Fly Erbil Advertisment