توركیا كۆچبەرانی سوریا چەكدار دەكات

كۆچبەرانی سوریا لە تەمەنی سەربازی لە توركیا لەگەڵ كچانی تورك پیاسە دەكەن، لە كاتێكدا سەربازانی تورك لە باب دەكوژرێن

K24 - ھەولێر

ئاژانسی سپوتنیكی روسیا بڵاوی كردەوە توركیا ئەو كۆچبەرانەی سوریا چەكدار دەكات كە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 42 ساڵی دایە، بۆ ئەوەش ئاماژە بە سەرچاوەكانی رۆژنامەكانی توركیا بۆ ئامادەكردنی پێشنووسی پرۆژە یاسایەك بۆ سەربازگیری زۆرەمڵێ دەكات.

یاریدەدەری سەرۆكی پارتی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری گەل بۆ سیاسەتی دەرەوە ئۆزتورك یلماز بە رۆژنامەی "زەمان"ی توركی راگەیاند "كۆچبەرانی سوریا لە تەمەنی سەربازی لە توركیا لەگەڵ كچانی تورك پیاسە دەكەن، لە كاتێكدا سەربازانی تورك لە باب دەكوژرێن".

یلماز لە كاتی كەوتنی موسڵ لە كونسولخانەی توركیا لەم شارە بووە و بۆ ماوەیەكی درێژ لە لایەن داعشەوە بە بارمتە گیرابوو.

ئەم دیپلۆماتەی پێشووی تورك باس لەوە دەكات بەر لە قەیرانی سوریا لە ئاداری 2011، ھیچ كۆچبەرێكی ئەم وڵاتە لە توركیا نەبوو، بەڵام دواتر لە ساڵی 2012 بە ھۆی سیاسەتی حكومەتی ئەنقەرە لە بارەی رەوایەتی ئەسەد و ھێنانی كۆچبەرانی سوریا لە یەكەم ھەنگاودا 14 ھەزاركۆچبەری سوری ھاتنە توركیا و تا مانگی شوباتی 2017 ژمارەیان گەیشتە 2.871 ملیۆن كۆچبەر.

لێدوانی ئەم بەرپرسەی توركیا لە كاتێك دایە بە ھەزاران سوری بەشداری ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات بوونە، پاش ئەوەی دەرگای خۆ تۆماركردنی نیوە زۆرەمڵێ لە كەمپەكانی پەنابەران كرایەوە.

توركیا ھەروەھا چەندین كەمپی مەشق و راھێنان بۆ چەكدارانی سوری كردۆتەوە، لەوانە "پۆلیسی حەلەبی ئازاد" كە بۆ بەرەكانی شەر لە سوریا رەوانە دەكرێن.

لە لایەكی ترەوە لە پێگەی  "Change.org" بانگەواز بۆ سەربازگیری سوریەكان لە ریزەكانی سوپای توركیا دەكرێت، بەناوی "سەربازەكانیان لە پێناو سوریا دەجەنگن".

سوپای توركیا رۆژی 24 ئابی 2016 بە بەشداری گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی نزیك لە ئەنقەرە لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" ھێرشی كردە سەر جەرابلوس و ماوەی چەند مانگێكیشە ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی سەنتەری ناحیەی باب دەدات و ئامانجێشی پێشیگرتنە بە ھێزەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەوەی ناوچە كوردییەكانی یەك نەخات. بەتایبەتی عەفرین و كوبانێ پێكەوە نەبەستێتەوە، پاش ئەوەی كە شاری منبجیان كۆنترۆڵ كرد.

لە لایەكی ترەوە ھێزەكانی رژێمی سوریا و ھاوپەیمانەكانی رۆژی 5 شوباتی 2017 تاكە رێگە پەیوەندیی داعش لە باشووری رۆژھەڵاتی باب لەگەڵ شوێنەكانی دیكەی ژێر كۆنترۆڵی داخست.

ھێزەكانی رژێمی سوریا لە ماوەی سێ ھەفتەی رابردوو 5 كیلۆمەتر لە ناوچەكانی باشووری باب پێشروییان كردووە و ئامانجیشی پێشیگرتنە بە پێشڕەوی زیاتری سوپای توركیا و ھاوپەیمانەكانی بەرەو باشوور.

ھەر ئەمڕۆ چوارشەممە 8 شوبات، چوونی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرەو سەنتەری باب بڵاوكرایەوە، كە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" بەشداری شەڕی باب بوونە.

 JS