كەنەدا جوری ئەو چەكانە ئاشكرا دەكات كە بۆ پێشمەرگە دەنێرێت
یەكەم جارە راستەوخۆ چەك بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكات

K24 - ھەولێر
گوتەبیژی وەزارەتی بەرگری كەنەدا دانیێل بۆتیلیێ رایگەیاند وڵاتەكەی رۆكێتی 60 میلیمەتری و چەكی نیشانەشكێنی بێ دەنگی 50 كالیبر و چەكی دژە تانك بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە دەنێرێت.
بە پێی ھەواڵێكی سپوتنیك، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری كەنەدا بە ھۆی ھۆكاری ئەمنی ژمارەی ئەو چەكانەی ئاشكرا نەكرد كە بۆ پێشمەرگە رەوانە دەكات و حكومەتەكەی لە ھەوڵی یاساییكردن و دابینكردنی ئەو چەكانە دایە.
وەزارەتی بەرگری كەنەدا رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو چەك و كەرەستەی سەربازی و راھێنان و پێداویستی پزیشكی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە رەوانە دەكات.
كەنەدا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە دەكات و چەندین جاریش چەك و تەقەمەنی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ناردووە.
پێشتر جۆن فۆرستەر جێگری وەزیری بەرگری کەنەدا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاندبوو دوای ھەوڵێکی زۆر حکوومەتی بەغدا رێگەى بە حکوومەت و سوپای کەنەدی دەدات بەشێوەیەکی راستەوخۆ چەک و تەقەمەنی و ھاوکاریی سەربازی رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات.
جاستن ترودۆی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا مانگی شوباتی 2016 رایگەیاند ئامادەن راستەوخۆ ھاوکاری سەربازی ھێزی پێشمەرگە بکەن، بەڵام ئەوكات پلانەكەی بەھۆی نەدانی رەزامەندی لە لایەن حکومەتی بەغدا راگیرا.
جۆن فۆرستەر راشیگەیاند ھاوکاری سەربازی كەنەدا بۆ ھەرێمی كوردستان بە پێی لیستێکی پێداویستی سەربازییە کە لەلایەن وەزیری بەرگری وڵاتەكەی، هارجێت ساجان و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان دیاری كراوە.
JS