نووسینگەی ئازاد جندیانی: قادر عەزیز تازەكارە باشترە ئاگاداری لێدوانەكانی بێت
"رەنگە قادرعەزیزیش وەک هێندێکی تر بۆ پێگەی خۆی پێویستی بەوە بێت کە پڕوپاگەندەکانی هێندێ ناوەندی موخابەراتی بڵاو بکاتەوەو ریکلامی بۆ بکا"

K24 – ھەولێر
لە وەڵامێكدا بۆ چەند گوتەیەكی قادر عەزیز، نووسینگەی ئازاد جندیانی رایدەگەیەنێت: "تازەکارەو بۆ خۆی واباشترە ئاگاداری لێدوانەکانی بێت".
لە بەشێكی راگەیاندراوەكەی نووسینگەی ئازاد جندیانی ھاتووە: "رەنگە كاك قادرعەزیزیش وەک هێندێکی تر بۆ پێگەی خۆی پێویستی بەوە بێت کە پڕوپاگەندەکانی هێندێ ناوەندی موخابەراتی بڵاو بکاتەوەو ریکلامی بۆ بکا، ئەگەر بۆ ئەومەبەستەیەتی با کەس گلەیی لێ نەکاو باخێرێکی بەر بکەوێ".
پێشتر قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئازادجندیانی لە یەكێتی رایگەیاندبوو "بەشێك لە زانیاری نێو نامەكە راست نییە" لەبەرامبەردا نووسینگەی جندیانی دەڵێ: "بەڵام ئەی نابێ بە راگوزەریش بێت ناڕاستیەکان (واتا درۆکان)ی دەست نیشان بکا؟ کام یەکێک لەو خاڵانەی ئازاد جندیانی باسی کردوون راست نییە، با ئەو لوتف بکاو بە بەڵگەوە ناڕاستیەکان بۆ ((جەماوەری خۆی)) و بۆ رای گشتی ساغیان بکاتەوە".
دەقی وەڵامی نووسینگەی ئازاد جندیانی بۆ قادر عەزیز
سەرچاوەیەکی ڕێگەپێدراو لە نووسینگەی ئازاد جندیانی وەڵامی قادر عزیز ئەداتەوە...
قادر عەزیزی (ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی) لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنەدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە وازهێنانی لە یەکیەتی، وتوویەتی کە جندیانی چۆتە ناو حزبێکی تر. مەبەستی ئەو دەزگاو دامەزراوانەی دەنگۆی لەو جۆرە دروست ئەکەن و بڵاوی ئەکەنەوە ڕوونە کە ئامانجی سەرەکیان تەنیا ئەوەیە کە فۆکسی خەڵک و دیارکراوتریش یەکیەتیەکان لەسەر ئەسڵی ڕوداوەکە لابدەن، کە وازهێنان و دەق و ناوەرۆکی پەیامی وازهێنانەکەیەتی بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی لە وازهێنانەکەیدا ئاماژەی پێداون و وەک چاودێرانیش ئەیڵێن ئەوە تەنیا مشتێکە لەخەروارێک، نەبنە جێ باس و خواسی خەڵکی. ڕەنگە کاک قادر عەزیزیش وەک هێندێکی تر بۆ پێگەی خۆی پێویستی بەوە بێت کە پڕوپاگەندەکانی هێندێ ناوەندی موخابەراتی بڵاو بکاتەوەو ریکلامی بۆ بکا، ئەگەر بۆ ئەومەبەستەیەتی با کەس گلەیی لێ نەکاو باخێرێکی بەر بکەوێ، بەڵام ئەو بەوەندە نەوەستاوەو بەبڕوا بەخۆبوونەوە ئەڵێ زۆر لە قسەکانی ئازاد جندیانی ناڕاستن. با لەبەر خاتری ئەو وای دابنێین ڕاست ئەکات ، بەڵام ئەی نابێ بە ڕاگوزەریش بێت ناڕاستیەکان (واتا درۆکان)ی دەست نیشان بکا؟ کام یەکێک لەو خاڵانەی ئازاد جندیانی باسی کردوون ڕاست نیە، با ئەو لوتف بکاو بە بەڵگەوە ناڕاستیەکان بۆ ((جەماوەری خۆی)) و بۆ ڕای گشتی ساغیان بکاتەوە . کاک قادر تازەکارەو بۆ خۆی واباشترە ئاگاداری لێدوانەکانی بێت و کورد وتەنی پێ لەتەختی چروک نەنێت و پێشی وانەبێ کە شەقامی یەکیەتی و ڕای گشتی ئەو شتانە نازانن، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوشتانەو زۆر زۆرتر لەوەش ئەزانن و ئاگادارن و هەموو ئەو خاڵانە بونەتە باس وخواسی بەردەوامی کۆڕو کۆبوونەوە ئاساییەکانی خەڵک و میدیاو ناوڕیزەکانی یەکیەتیش.
17-2-2017