له 24 كاتژمێر 50 هه‌زار په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی پێگه‌یشتووه
به‌هۆی پرۆژه‌یه‌ك كه جیاكاری ره‌گه‌ز و ئایینی ره‌تده‌كاته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
په‌رله‌مانتارێكی كه‌نه‌دی، سه‌ر به پارتی لیبراڵی كه‌نه‌دا، به‌هۆی پێشكه‌شكردنی پرۆژه یاسایه‌ك، به په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی، كه تێیدا ره‌گه‌زپه‌رستی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و ئیسلامۆفۆبیا ره‌تده‌كاته‌وه، له ماوه‌ی كه‌متر له 24 كاتژمێر 50 هه‌زار په‌یامی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی پێگه‌یشت.
ئيقرا خاليد، له گوته‌یه‌كیدا له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا، رۆژی هه‌ینی، 17ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2017 گوتی: "له‌وه‌ته‌ی پرۆژه یاساكه‌م پێشكه‌ش كردووه، زیاتر له 50 هه‌زار په‌یامی هه‌ڕه‌شئامێزم بۆ هاتووه، ته‌واوی په‌یامه‌كانیش سووكایه‌تی و گوزارشتی خراپن".
پرۆژه یاساكه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، هه‌موو جۆره جیاكارییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و ره‌گه‌زپه‌رستی و ئیسلامۆفۆبیا "ترس له ئیسلام" سه‌ركۆنه ده‌كات.
ئیقرا ده‌شڵێت: "له سه‌لامه‌تی كارمه‌ندانی نووسینگه‌كه‌م نیگه‌ران بووم، بۆیه پێمگوتن دوای من نووسینگه‌كه دابخه‌ن و وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كان نه‌ده‌نه‌وه، تاكو گوێیان له هه‌ڕه‌شه و سووكاییه‌تییه‌كان نه‌بێت، كه شتێكی باوه‌ڕپێنه‌كراوه".
هه‌روه‌ها گوتی: "له هه‌موویان ناشیرینتر ئه‌و په‌یامه بوو، كه به گرته ڤیدیۆییه‌ك له‌سه‌ر یوتیوب بڵاوكراوه‌ته‌وه".
ئه‌و گرته ڤیدیۆییه‌ی كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، تێیدا تۆمه‌تی پاڵپشتیكردنی تیرۆر خراوه‌ته ئه‌ستۆی ئه‌و په‌رله‌مانتاره.
له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌شدا, كه ئاراسته‌ی ئیقرا خالید كراوه، ده‌ڵێت: "تۆ هاوسۆزی تیرۆریستانی و یه‌كێكی دیكه‌ش ده‌ڵێت: هاوكاری كه‌س ناكه‌م له كوشتنت، به‌ڵام له كاتی كوشتنت له‌وێ ده‌بم و له‌و كاته‌ی كه ده‌گری وێنه‌ت ده‌گرم، دواتریش چیرۆكی كوشتنه‌كه‌ت بڵاوده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌نه‌دییه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر كوژرا".
له یه‌كێكی دیكه‌ی ئه‌و نامانه‌ی بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتاره كه‌نه‌دییه هاتووه، ده‌ڵێت: "بیكوژن، چونكه ئه‌و بۆ ئه‌وه لێره ده‌ژی تا بمانكوژێت، ئه‌و نه‌خۆشه و پێویسته ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكرێت، ته‌واوی مزگه‌وته‌كانیش ده‌ڕووخێنین و خاشاكه‌كه‌شی به‌سه‌ر سه‌ری موسڵماناندا ده‌كه‌ین، بۆچی وڵاته‌كه‌م جێناهێڵی، تۆ هه‌روه‌ك ته‌نه‌كه‌یه‌كی زبڵ وای".
له‌لای خۆیه‌وه، مالینا جولی، وه‌زیری رۆشنبیری كه‌نه‌دا، ئاماژه‌ی به‌و پرۆژه یاسایه‌ی كرد و رایگه‌یاند، هه‌موو په‌رله‌مانتارانی پارتی دیموكراتی كه‌نه‌دا، پشتیوانی ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی موسڵمانانی كه‌نه‌دا، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، داوا له ته‌واوی په‌رله‌مانتاران ده‌كات، له به‌رژه‌وه‌ندی پرۆژه یاساكه ده‌نگبده‌ن.
ئیقرا خالید، له دایكبووی ساڵی 1986ه‌و له گوندی رووكانپووری ناوچه‌ی پونجابی پاكستان له دایكبووه، دواتر بنه‌ماڵه‌كه‌ی له ساڵی 1990 له به‌ریتانیاوه به‌ره‌و كه‌نه‌دا كۆچییان كردووه، له ساڵی 2007 خوێندنی زانكۆیی ته‌واو كردووه و ئێستاش ئیقرا، وه‌ك نوێنه‌ری شاری میسیساوگا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كه‌نه‌دایه.