گۆڕانكاری لە سیستمی خوێندنی کۆلێژە پزیشکیەکان دەکرێت

بڕیاری پێكھێنانی بۆردێك دراوە ئەرکى بۆردەكە بریتیە لە داڕشتنى میکانزمێکى گونجاو بۆ گەشەپێدانى زیاترى پڕۆسەى خوێندن و راهێنان لەسەرجەم بەشە پزیشکیەکانى هەرێمى کوردستان

K24 – ھەولێر

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی كوردستان بڕیاری پێكھێنانی بۆردێكیدا بۆ گۆڕانكاری لە سیستمی پڕۆگرامەكانی كۆلێژە پزیشكییەكان.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەمەبەستى پێداچونەوەى ناوەرۆکى پڕۆگرامەکانى خوێندن و راهێنانى پزیشکى و، لە پێناو هەنگاونان بۆ بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ کۆلێژە پزیشکیەکانى هەرێمى کوردستان، بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو و، تێدا بڕیارى پێکهێنانى (بۆردى متمانەبەخشین درا)، ئەرکى ئەم بۆردە بریتیە لە داڕشتنى میکانزمێکى گونجاو بۆ گەشەپێدانى زیاترى پڕۆسەى خوێندن و راهێنان لەسەرجەم بەشە پزیشکیەکانى هەرێمى کوردستان.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "لەهەمان کاتدا بۆردەکە سەرپەرشتى گۆڕانکارییەکانى سیستمى خوێندن لە کۆلێژە پزیشکیەکان (پزیشکى گشتى، دەرمانسازى، پزیشکى ددان، پەرستارى و زانستە تەندروستیەکان) دەکات و، نەخشە رێگەى بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى دادەڕێژێت".

Fly Erbil Advertisment