عێراق پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤی ئێران پەردەپوش دەكات
عێراق لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان دژی ئەو وڵاتانە دەوەستێتەوە كە رەخنە لە پێشێلكارییەكانی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ دەگرن

K24 - ھەولێر
بەبۆنەی ئەندامەتی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێران پێرۆزبایی لە عێراق دەكات و سوپاسیشی دەكات بۆ دژایەتیكردنی ئەو بڕیارنامەی دژی ئێران دەردەچن.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراھیم جەعفەری لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە ژنێف لەگەڵ جیگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی كۆبووەوە.
بەرپرسە ئێرانییەكە سەرباری پیرۆزباییكردن لە جەعفەری بەبۆنەی ئەندامبوونی عێراق لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، سوپاسی ھەڵوێستی ئەم وڵاتەشی كرد بەرامبەر دژایەتیكردنی ئەو بڕیارمانەی لەو ئەنجومەنە دژی ئێران دەردەچن.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە راپۆرتەكانیان بە توندی رەخنە لە بەرپرسانی ئێران دەگرن بەبۆنەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، كە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵانە لە راپۆرتەكانی، پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران شەرمەزار دەكات.
بە پێی میدیاكانی ئێران، جیگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ جەعفەری رایگەند "ھەندێ وڵات پرسی مافی مرۆڤ وەك ئامرازێك بەكاردێنن"، ھەربۆیە ھاوكاری نێوان عێراق و ئێران و وڵاتانی دیكەی ھاوبیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو روانینە بە پێویست زانی.
گوتیشی "ئەگەر ئەم روانینە ھەڵەیە بەردەوام بێت، كاریگەرییەكانی بۆ وڵاتانی دیكەی پەرەئەستێن و سەربەخۆ تەشەنە دەكات".
جەعفەری بە پێداگریی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەھەندی سیاسی لە پرسی مافی مرۆڤ رایگەیاند "عێراق دژی تەواوی جموجوڵە سیاسییەكان لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ دەوەستێتەوە".
ئێران بەھۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ وەك سێدارەدان و سەركوتكردنی ئازادییە مەدەنییەكان و مافی كەمایەتییە نەتەوەیی و ئاین و ئاینزایەكان لە سەرەوەی لیستی وڵاتانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ دایە.
سەرچاوە فەرمییەكانی ئێران باس لە سێداردانی 400 كەس لە ساڵی رابردوو دەكەن، بەڵام ئامارە نافەرمییەكان ئاماژە بە ژمارەیەكی زیاتر دەكەن كە بەپێی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئێران پاش چین لە پلەی دووەم دایە بۆ سێدارەدانی ھاووڵاتیانی.
JS