ھێزێکی سەربازی یەكێتی دەستی بەسەر چەند بیرە نەوتێكی کەرکووک داگرت

"ئەو ھێزە ھیچ راوێژیان بە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نەكردووە"

K24 - كەركووك

هێزێکى بەرگ رەش کە بەوتەى سەرچاوەیەکى ئەمنی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییەكانی نیگاتا و تەرکیزەی تازە و كۆگای كۆكردنەوەی نەوتی "ئای تی یەک"  داگرت، کە لە سنووری میحوەری مەلا عەبدوڵڵا و لەژێر دەسەڵاتى حکوومەتى ناوەندى عێراق بوو.

عەقید شەوقى محەمەد، کە فەرماندەى ئەو هێزەیە، ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک بدرکێنی و بەکوردستان24 گوت: "بەفەرمانى وەزارەتى پێشمەرگە هێزمان جوڵاندووە بۆ  ئەو کۆمپانیایە".

گوتیشی: "هیچ زانیارییەکمان نییە تەنها فەرمان جێبەجێ دەكەین".

کێڵگە نەوتییەکان دەکەونە باشوورى کەرکووکەوە، کە چەند کۆگایەکى گەورەى نەوتى لەخۆگرتووەو لەژێر دەسەڵاتى کۆمپانیاى نەوتى باکوورە کە لەلایەن حکوومەتى ناوەندى عێراقەوە سەرپەرشتى دەکرێت. ئەو کۆمپانیایە هێڵى سەرەکى گواستنەوەى ئەو بەشە نەوتییە کە لەژێر دەسەڵاتى حکوومەتى عێراقە و رۆژانە بەرهەمەکەى 100 هەزار بەرمیل نەوتى لێ هەناردە دەکرێت بۆ بەندەرى جیهانى تورکىا.

کوردستان24 پەیوەندی بە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و بێئاگایی خۆیان لەو پرسە راگەیاند. نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک داوای کردبوو کە پرسی بەڕێوەبردنی نەوتی کەرکووک بەپێی رێکكەوتن بێت لەنێوان هەولێر و بەغدا و ئیدارەی شارەکە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24 راگەیاند، رێگەگرتن و راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لەو ناوچەیە کاریگەری دەبێت لەسەر دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەو بودجەیەی مانگانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانی پارێزگای کەرکووک، دەیداتە ئیدارەی ئەو شارە.

بەوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرس لەکۆمپانیاى نەوتى باکوور، لە ئێستادا هەناردەى ئەو بەشەى نەوتى کە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقە راگیراوەو هێزەکەش سەرجەم کارمەندەکانی کێڵگە نەوتییەکانیان ناردووەتەوە ماڵەوە.

ئەحمەد عەسکەرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و وزە لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە کوردستان24 راگەیاند: "ئەو هێزەى کە هاتوون هیچ راوێژیان نەکردووە و  ئێمە وەک ئەنجوومەن هیچ زانیاریەکمان لەسەریان نییە".

بەپێی زانیارییەکانى کوردستان24 ئەو هێزە هێزێکى تایبەتن و جل و بەرگیان رەشەو لەشارى سلێمانى لەبەرەبەیانى ئەمڕۆوە بەرێکەوتوون.

Fly Erbil Advertisment