بەرھەم ساڵح پرسیارە گەورەكە دەكات
"بە ھیمەتی ھەموولایەك و پێشمەرگە و سوپای عێراق داعش رووی لە شكانە"
K24 - سلێمانی
لە میانی پێشكەشكردنی وتاری دەستپێكردنی پێنجەمین دیداری سلێمانی، بەرھەم ساڵح دامەزرێنەری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی رایگەیاند: "خۆشبەختانە بە ھیمەتی ھەموولایەك و پێشمەرگە و سوپای عێراق داعش رووی لە شكانە، بەڵام پرسیارە گەورەكە ئەوەیە چۆن وا بكەین دوای داعش ئاشتیەكی وا بەرقراربێت، جارێكی دیكە ئەم نەھامەتیانە رووبەڕووی ئەم ناوچانە نەبێتەوە".
راشیگەیاند: "لەرووی سەربازییەوە كۆتایی بە داعش دێنین، بەڵام پێویستە رووبەڕووی توندوتیژی ببینەوە و رێگەچارە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە".
بەڕێوەچوونی دیداری سلێمانی كە ھاوكاتە لەگەڵ رۆژی جیھانی ژنان، بەرھەم ساڵح لەوبارەوە گوتی: "دایكی كۆچكردووم ھەمیشە بەبیری دەھێنامەوە كە ژن نیوەی كۆمەڵگە نییە، بەڵام دایكی نیوەكەی دیكەشە، پێویستە لە دژی توندوتیژییەكانی نێو كۆمەڵگە بوەستینەوە و كۆمەڵگە ئاشتی بەخۆیەوە ببینێ".
گوتیشی: "ھیوادارم ئەو دیدارە بتوانێت داڕێژەر و بەدیھێنەری گفتوگۆ و وتووێژبێت، ھەروەھا بەربەستێك بێت لەبەردەم توندڕەوی".