عەبادی: ھەماھەنگی پێشمەرگە و سوپا بۆ پرسی دیكە بەكار بھێنرێت

مەترسی گەندەڵی لە مەترسی تیرۆر زیاترە و پێویستە پێكەوە بەرەنگاری ببینەوە

K24 - ھەولێر

سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایگەیاند یەكەمجارە پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكەوە شەڕی داعش دەكەن و ھەماھەنگییەكی باش نێوانیاندا ھەیە و دەكرێت ھەماھەنگی نێوان سوپا و پێشمەرگە بۆ پرسی دیكەش بگوازرێتەوە.

عەبادی لە پێنجەمین دیداری سلێمانی گوتی دەبێ سوپای عێراق سوپای ھەموو پێكھاتەكان بێت، شیعە و كورد و سونە و پێكھاتەكانی دیكەی عێراق پێكەوە بەشداری لە شەڕی دژی داعش لە موسڵ دەكەن و لە ئاستی سەربازی جەنگاوەری بەھێزمان ھەیە و خۆیان قوربانی دەكەن و ئازایانە بەرنگاری داعش دەبنەوە.

باسیش لەوە كرد مەترسی گەندەڵی لە مەترسی تیرۆر زیاترە و پێویستە ھەموومان پێكەوە بەرنگاری گەندەڵی ببینەوە و عێراق بونیاد بنێین و ئاستی ھۆشیار بەرز بكەینەوە و نابێت دەرفەت بۆ بەدەستھێانی بەرژەوەندییەكان لە دەست بدەین و دەرفەتی پێكەوە ژیان لە عێراق رەخساوە و دەبی رێز لە بۆچوونی جیاواز بگرین و شانازی بە بۆچوون و فڕە رەنگی دەكەین.

عەبادی لە قسەكانیدا  داوا لە لایەنە سیاسییەكانی عێراقی كرد یەكگرتوو بن و گوتیشی نابێت ھیچ بەرژەوەندییەك لە سەرەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكان بێت و دەبێت بێ جیاوازی ھاوكاری شارەكان بكرێت.

ئاماژە بەوەشدا داعش زیاتر ھاووڵاتیانی سڤیلی كردووە ئامانج و ئەو ناوچانەشی وێران كردووە كە دەستی بەسەردا گرتوون، بەڵام مژدەی سەركەوتنمان بۆ عێراقییەكان پێیە و ھیواش دەخوازێت ژنان سەركردایەتی عێراق بكەن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بارەی كێشەكانی لەگەڵ وڵاتان دراوسێ گوتی كێشەمان لەگەڵ چەند وڵاتێك ھەیە، بەڵام دەتوانرێ چارەسەر بكرێت و داواشی لە زانكۆكانی عێراق كرد توێژینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەن.

عەبادی پاش ئەوەی گوتارەكەی پێشكەش كرد بەشداری لە پانێلی دیداری سلێمانی كرد و روانین و ھەڵوێستی حكومەتەكەی لە بارەی پرسە جیاوازەكان خستەڕوو.

JS

Fly Erbil Advertisment