به‌رهه‌م ساڵح: جگه له گفتوگۆ رێگه‌ی دووه‌ممان له‌به‌رده‌مدا نییه
ده‌رفه‌تی گه‌وره‌مان له پێشه، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ش هه‌ن

K24 - هه‌ولێر:
به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له سلێمانی، دوای ته‌واوبوونی پێنجه‌مین دیداری سلێمانی، سه‌باره‌ت به دیداره‌كه له دوو رۆژی رابردوودا، تایبه‌ت بۆ كوردستان 24 گوتی: " به‌شداریكردنی كه‌سایه‌تییه دیاره‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، عه‌مر مو‌سا و نووسه‌ری وه‌ك فۆكۆیاما، گرنگیدانییانه به كورد و كوردستان و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه گرنگی به گفتوگۆ ده‌ده‌ن".
به‌رهه‌م ساڵح، گوتیشی: "دیداره‌كه نایاب بوو، ساڵ به ساڵیش دیداره‌كه كاریگه‌رتر ده‌بێت و ئه‌و بیانییانه‌ی به‌شداری دیداره‌كه‌شییان كرد، سه‌رسوڕمانی بوون به ره‌وشی كوردستان، ده‌رفه‌تی بۆ ئه‌وان ره‌خساند، سه‌ردانی شوێنه دیار و مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه سووره‌كه بكه‌ن و گه‌نجان ببینن".
به‌رهه‌م ساڵح، كه نه‌یویست باسیی سیاسه‌ت بكات، له باره‌ی گرنگی دیداره‌كه، روونیكرده‌وه، دیداره‌كه گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له كورد تێبگات و كوردیش له دنیا تێبگات، نه‌ك هه‌ر بۆ خۆی قسه بكات و گوتی: "ئێمه ده‌بێت تێبیگه‌ن، توركیا و ئێران و برا عه‌ره‌به‌كان چۆن بیرده‌كه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها پێویسته له دنیای ده‌ره‌وه‌ش تێبگه‌ین".
گوتیشی: "مایه‌ی خۆشحاڵییه كه هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌شدارییان تێدا كرد و قسه‌ی خۆیشیان له‌سه‌ر ته‌واوی كێشه و گرفته‌كان كرد، به‌ڵام به زمانی دایه‌لۆگ و چه‌ند كه‌سێكیش قسه‌ی جددی و باشییان كرد".
هه‌روه‌ها گوتی: "ناوچه‌كه و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له گۆڕانكاریی زۆر گه‌وره و ریشه‌ییدایه و هه‌رێمی كوردستانیش به‌هاوكێشه‌كانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، پێویسته كورد خۆی بۆ ئاماده‌بكات و به‌و ره‌وشه‌ی ئێستا ناكرێت".
راشیگه‌یاند، بیانییه‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن كێشه و گرفت هه‌یه و له ماوه‌ی دیداره‌كه ئاماژه‌ی پێدراو گوتی: "ترسمان له گفتوگۆ نییه و پێویسته گفتوگۆ بكه‌ین، چونكه رێگه‌ی دووه‌م نییه".
سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له سلێمانی، گوتی: "دوای ماوه‌یه‌كی كورت، ته‌واوی دیداره‌كه بڵاوده‌بێته‌وه، ته‌واوی دیداره‌كه له تویته‌ر، فه‌یسبووك هه‌یه و ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و دیداره بڵاوده‌كرێته‌وه".
به‌رهه‌م ساڵح، ئاماژه‌ی به گرنگی چاره‌سه‌ركردنی خێرای كێشه ناوخۆییه‌كانی كوردستان كرد و گوتی: "چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناوخۆی وڵاتی خۆمان به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌رمانه، كه گه‌وره و جددین، هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر به‌و ده‌رفه‌ته گه‌ورانه‌ی له پێشمانه، بۆیه ناكرێت وڵاته‌كه‌مان به‌و شێوه‌یه بێت".
دیداری سلێمانی، ماوه‌ی پێنج ساڵه ئه‌نجامده‌درێت و ئه‌مڕۆ 9ی ئادار/ مارسی 2017، رۆژی دووه‌م و كۆتایی پێنجه‌مین دیداری سلێمانی بوو.
هاوكات به‌رهه‌م ساڵح، سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌شی كرد، كه هاوكاری ئه‌نجامدانی دیداره‌كه‌یان كردووه.