ھەسەدە: ھێزی پێویستمان بۆ كۆنترۆڵكردنی رەققە ھەیە
توركیا و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لێدوانی دژبە یەك لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رەققە دەدەن
.jpg)
K24 - ھەولێر
ھیزەكانی سوریای دیموكرات - ھەسەدە رایانگەیاند بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش ھێزی پێوستییان ھەیە و دژی بەشداریكردنی ھەر جورە رۆڵێكی توركیان لەم ئۆپەراسیۆنەدا.
ئاژانسی رویتەرز لە زاری گوتەبێژی ھێزەكانی سوریای دیموكرات جیھان شێخ ئەحمەد بڵاوی كردەوە "ژمارەی ھێزەكانمان بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی خەڵكی ناوچەكەن و بە گوێرەی پێویست ھێزمان ھەیە بۆ ئازادكردنی رەققە بە ھاوكاری لەگەڵ ھێزەكانی ھاوپەیمانان".
ھەڵوێستی ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە بارەی ئۆپەراسیۆنی رەققە ھاوكاتە لەگەڵ ناردنی یەكەیەكی تۆپھاوێژی سوپای ئەمریكا بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارەكە.
ھێزەكانی سوریای دیموكرات رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی رەققەی راگەیاند و لە سێ قوناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە زۆرێك لە ناوچەكانی دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بە چوونە ناوەوەی سنووری پارێزگای دێرەزۆر، دوایین رێگەی ھاتووی داعشیان بە دەرەوەی شارەكە داخست.
توركیا بە قووڵی نیگەرانی خۆی لەبارەی دەسترویشتووی یەپەگە دەربڕیوە و ئەنقەرە گوشارەكانی لەسەر واشنتۆن زیاتر كردووە بۆ دوورخستنەوەی یەپەگە لە ھێرشی كۆتایی بۆ سەر رەققە.
ھێزەكانی سوریای رایانگەیاند لە كۆبوونەوەی مانگی رابردوو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا، ھەر جورە رۆڵێكی توركیایان دوور خستووەتەوە، بەڵام توركیا رایگەیاند ھێشتا بڕیار نەدراوە و ئەگەری بەشداریكردنی توركیا لە ئاستی گەنگەشەكردن دایە.
گوتەبێژەكەی ھەسەدە پێی وایە لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوو ھێزەكانیان دەگەنە دەوروبەری رەققە.
مایكل فالن رۆژی 11 شوباتی 2017 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ھەولێر گوتی "تا وەرزی بەھاری داھاتوو شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش بە تەواوەتی ئابڵۆقە دەدرێت و پاشان ھێرش بۆ رزگاركردنی خودی شارەكە دەستپێدەكرێت".
جیھان شێخ ئەحمەد لەبارەی دوایین رەوشی شاری رەققە گوتی "زانیاریمان ھەیە دوژمن بەشێك لە سەركردەكانی بۆ دەرەوەی شاری رەققە گواستووەتەوە و چەندین تۆنێلی لە ژێر زەوی لێداوە. پێشبینی دەكەین داعش سەنگەرەكانی لەناو شار بەھێزتر بكات و پشت بە شەڕی شەقام ببەستێت".
ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بە پشتگیری ھەوایی و بڵاوەپێكردنی ھێزە تایبەتییەكانی، یارمەتی ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە شەڕی دژی داعش دەدات.
JS