له‌ توركیا 202 دادوه‌ر و داواكاری گشتی له‌ كار دوورخرانه‌وه‌

نزیكه‌ی 5 هه‌زار دادوه‌ر و داواكارانی گشتی له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا له‌كار دوورخراون

K24 – هه‌ولێر

ده‌سته‌ی باڵای دادوه‌ر و داواكارانی گشتی توركیا به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ گروپی گوله‌ن 202 دادوه‌ر و داواكاری گشتی له‌سه‌ر كاره‌كانیان لادا.

به‌ پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی سه‌باحی توركی، محه‌مه‌د یلماز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی باڵای دادوه‌ر و داواكارانی گشتی رایگه‌یاند ئه‌و 202 دادوه‌ر و داواكارانی گشتی لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ و وته‌یان لێوه‌رگیراوه،‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ربكرێن.

بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ بڕیارنامه‌ی باری نائاسایی توركیای كرد و به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامه‌تی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گروپی گوله‌ن بڕیاری ده‌ركردنیان درا.

به‌ ده‌ركردنی ئه‌و 202 دادوه‌ر و داواكارانی گشتی، به‌ گشتی 4 هه‌زار و 88 دادوه‌ر و داواكاری گشتی پاش كوده‌تای شكستخواردووی 15 ته‌موزی 2016 له‌ كاره‌كانیان ده‌ركراون.

حكومه‌تی توركیا پاش ئه‌م كوده‌تایه‌ باری نائاسایی راگه‌یاند و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ كه‌رته‌ گشتییه‌كانی مه‌ده‌نی، سه‌ربازی، ئه‌منی و دادوه‌ری له‌سه‌ر كاره‌كانی لادا و  چه‌ندین دامه‌زراوه‌شی داخست و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندین دیكه‌شی گرت، كه‌ تۆمه‌تباركراون به‌ ئه‌نجامدانی كوده‌تا و په‌یوه‌ندی و ئه‌ندامه‌تی له‌ گروپی گوله‌ن، كه‌ به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌م گروپه‌، فه‌تحوڵڵا گوله‌ن تۆمه‌تباركراوه‌ به‌ دارشتن و ئه‌نجامده‌ری سه‌ره‌كی كوده‌تای 15 ته‌موزی 2016.

گوله‌ن بۆ ماوه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌ژیت و هه‌ر جوره‌ ده‌ست هه‌بوونێك له‌ كوده‌تا ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت ئه‌ردۆغان بۆ خۆی ئه‌م كوده‌تایه‌ رێكخستووه‌.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا راده‌ستكردنی گوله‌نی به‌ توركیا ره‌تكرده‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی توركیا له‌ چه‌ندین ئاستی جیاواز داوای راده‌ستكردنی كرد و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ست هه‌بوونی له‌ كوده‌تا رادستی ئه‌مریكای كرد.