"چەند خێزانێكی كورد لەنێو قوربانیانی بۆردومانەكانی مووسڵدا ھەن"

"لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیار بدرێت، چەند ئەندام پەرلەمانێک بەشداری لە لیژنەی لێکوڵینەوە بکەن"

K24 - دھۆك

سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرا دەکات، چەندین خێزانی کورد لە نێو قوربانییەکانی بۆمبەبارانی مووسڵدا هەن.

موحسین سەعدون، سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دهۆک وێرای سەرکۆنەکردنی کوشتنی خەڵکی سڤیل رایگەیاند، رەنگە ژمارەی قوربانیانی بۆردوومانی مووسڵی نوێ بۆ هەزار کەس بەرزببێتەوە کە لە نێویاندا چەند خێزانی کورد هەن.

سەعدون داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە ئەرکی خۆی لە پاراستنی خەڵکی سڤیل جێبەجێ بکات و راشیگەیاند، هیوادارین لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان بڕیار بدرێت، چەند ئەندام پەرلەمانێک بەشداری لە لیژنەی لێکوڵینەوە بکەن.

ھەر پەیوەست بە بۆردوومانە ھەرەمەكییەكانی مووسڵ كە چەندین ھاووڵاتی سڤیل بەوھۆیەوە بووەنەتە قوربانی، ژەنەڕاڵ ماتیۆ ئیسلەر، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ورەی پۆڵایین رایگەیاند، بە وردی لەو راپۆرتانە دەكۆڵینەوە كە باس لە كوژرانی ھاووڵاتیانی سڤیل دەكەن، لە ئەنجامی بۆردوومانێكی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان لە رۆژئاوای مووسڵ، بەڵام ئامادە نەبوو وردەكاری لێكۆڵینەوەكان بخاتەڕوو.

ئەمەش دوای لێدوانێكی پێشووتری ھاوپەیمانان هات، كە تێیدا رایگەیاندبوو، بۆردوومانەكە لەسەر داوای ھێزەكانی عێراق ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی میدیایی، بۆردوومانێكی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان لە رۆژئاوای مووسڵ، كە لە رۆژی 17 ئەم مانگەدا ئەنجامدرا، كوژرانی زیاتر لە 200 كەسی سڤیلی لێكەوتەوە.

Fly Erbil Advertisment