كوده‌تاچییه‌كانی توركیا پلانی كوشتنی ئۆجه‌لانیان دارشتبوو
پلانی ئه‌وه‌یان هه‌بوو شه‌ڕی ناوخۆیی له توركیا رووبدات

K24 – هه‌ولێر
كودتاچییهكانی توركیا له ماوه‌ی كوده‌تای شكستخواردووی 15 ته‌موزی رابردوو بۆ روودانی شه‌ڕی ناوخۆیی له توركیا پلانی كوشتنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌یان له دوورگه‌ی ئیمرالی دارشتبوو.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كرده‌وه داواكاری گشتی كۆماری توركیا له ئامه‌د له سكاڵانامهی دژی دوو جه‌نه‌راڵ و دوو كۆلۆنێل ئاماژه‌ی به‌وه داوه، كۆلۆنێل عه‌لی دورموش یاریده‌رده‌ری سكرتێری گشتی فه‌رمانده‌یی هێزی هه‌وایی توركیا به فڕۆكه‌وانێكی راسپێردراو یاڤۆز ئیسته‌ك رایگه‌یاندووه "ئۆپه‌راسیۆنی كوشتنی رێبه‌ری په‌كه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
له سكاڵانامهی داواكاری گشتی هاتووه كوده‌تاچییه‌كان به كوشتنی ئۆجه‌لان، پلانی روودانی شه‌ڕی ناوخۆییان له توركیا دارشتبوو.
ئه‌م به‌رپرسه‌ی هێزی هه‌وایی توركیا له وه‌ڵامی پرسیاری داواكاری گشتی له‌مباره‌وه ده‌ڵێت "له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنێك دژی رێبه‌ری په‌كه‌كه هیچ شتێكم به‌و فڕۆكه‌وانه نه‌گوتووه".
ئه‌و فڕۆكه‌وانه پێشتر به دادگایه‌كی توركیای گوتبوو "رۆژی 12 ته‌مۆز (سێ رۆژ به‌ر له كوده‌تا) كۆلۆنێل عه‌لی دورموش سكرتێری گشتی فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌وایی به وه‌كاله‌ت به هێڵی په‌یوه‌ندیی سه‌ربازی په‌یوه‌ندیی به منه‌وه كرد و گوتی ئۆپه‌راسیۆنێك دژی رێبه‌ری په‌كه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ده‌مانه‌وێت تۆش به‌شێك بی له‌م ئۆپه‌راسیۆنه".
ئه‌م فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌وایی كه به تۆمه‌تی به‌شداریكردن له كوده‌تای 15 ته‌موز گیراوه، په‌یوه‌ندییكردن به‌م فڕۆكه‌وانه پشڕاست كرده‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژی رێبه‌ری په‌كه‌كه هیچ شتێكم به‌م فڕۆكه‌وانه نه‌گوتووه‌و به خهیاڵشمدا نه‌چووه شتێكی وا بكه‌م".
هه‌ر پاش شكستی كوده‌تای 15 ته‌موزی رابردووی توركیا، به‌رپرسانی هه‌ده‌په، له‌وانه سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په و میدیاكانی توركیا باسیان له‌وه كرد كوده‌تاچییه‌كان بۆ روودانی شه‌ڕی ناوخۆیی له توركیا پلانی كوشتنی ئۆجه‌لانیان دارشتبوو.
رۆژێك پاش شه‌وی كوده‌تا، هه‌واڵی هه‌وڵدانی نیشتنه‌وه‌ی كۆپته‌رێك له ئیمرالی بڵاوبووه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ته‌قه‌ی ئه‌و هێزه‌ی له ئیمرالی بووه، كۆپته‌ره‌كه نه‌یتوانی بنشێته‌وه و دواتر ئاشكرا بوو هه‌ر ئه‌و كۆپتهرهیه كه به‌ره‌و یۆنان چوو.