شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتی پرسی ریفراندۆم لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو تاوتوێ دەكەن

شاندە ھاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش دەكەن

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی ھاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی بكەن و تاوتوێی پرسی ریفراندۆم و چارەسەری كێشەكانی ھەرێمی كوردستان بكەن.

هێمن هه‌ورامى، ياريده‌ده‌رى سه‌رۆك بارزانى، رايگه‌ياند، شاندى هاوبه‌شى پارتى و يه‌كێتى سه‌ردانى كۆمه‌ڵ و يه‌كگرتووى ئيسلامى ده‌كه‌ن.

دوێنێ مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پیرمام كۆبوونەوە، لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا ئاماژەیان بەوەداوە: "مافی گەلی كوردستانە شێوازی چۆنییەتی ژیانی سیاسی و ئیداریی خۆی دیاری بكات لە ریفراندۆم و قەوارەی دەوڵەتێكی سەربەخۆییدا، بۆیە هەردوولا بەیەكەوە بڕیاریاندا ئەم بابەتە وەكوو بابەتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێكەوە و وەك یەك بۆچوون كاری جیدیی بۆ بكرێت، هەردوولا لە رێگەی لیژنەیەكی هاوبەش ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسی و نەتەوەییەكانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكەن بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەپێناو دیاریكردنی كات و میكانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم".

له‌ تويتێكدا كه‌ له‌ هه‌ژمارى خۆى له‌ تويته‌ر بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، هێمن هه‌ورامى ئاشكرايكردووه‌: "شاندى هاوبه‌شى پارتى و يه‌كێتى كاتژمێر 10:00 سه‌ر له‌ به‌يانى ئەمڕۆ سه‌ردانى باره‌گاى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كگرتوو ده‌كات".

 هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "هه‌مان شاند، كاتژمێر 01:00 نيوه‌ڕۆ سه‌ردانى مه‌كته‌بى سياسى كۆمه‌ڵى ئيسلامى ده‌كه‌ن".

چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ يه‌كگرتوو، سه‌لاحه‌دين به‌هادين ئه‌ميندارى يه‌كگرتوو و له‌ كۆمه‌ڵيش عه‌لى باپير ئه‌ميرى كۆمه‌ڵى ئيسلامى ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كان بن.

له‌و باره‌يه‌وه‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان هۆشيار زێبارى به‌ كوردستان 24 راگه‌ياند، هه‌ردوولايه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێككه‌وتن دوو ليژنه‌ درووست بكه‌ن.

گوتيشى: ئه‌و ليژنانه‌ يه‌كێكيان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كان و يه‌كێكيشيان له‌ سبه‌ينێوه‌ ده‌ست به‌كار ده‌بێت و سه‌ردانى لايه‌نه‌كان ده‌كات.

Fly Erbil Advertisment